ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە تەواوی ئامادەکاریمان بۆ ئەمساڵ کردووە بۆ ئەوەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین، بەڵام بۆ وەرگرتنی بڕی گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە و بڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی عێراق بڕەکە دیاری بکەن".
کەمال موسلیم گوتیشی: "تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلایی نەکراوەتەوە بۆ بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کە ھاوشێوەی عێراق تەواوی گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەردەگرن یاخود بڕەکەی ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دیاری دەکرێت".
وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێم ڕوونیشیکردەوە: "دیاریکردنی بڕی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دیاری دەکرێت، بەڵام ئێمە لە سایلۆکانی خۆمان گەنمەکە وەردەگرین، بۆیە جارێ چاوەڕێ دەکەین بڕەکەی دیاری بکرێت، ئەگەر نا ئێمە خۆمان ئامادەکردووە".
بڵند ئیبراھیم