هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/6/7 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌سیر مه‌مه‌دۆف هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵیۆزخانه‌ى ئازه‌ربایجان له عێراق، ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان، بیروڕاى گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه زه‌مینه و ده‌رفه‌تى باش هه‌ن بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تى له بوارى ئابوورى، بازرگانى و گه‌شتیاریدا. له‌مباره‌یه‌وه باس له ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى ئازه‌ربایجان له هه‌رێمى كوردستان و ڕێكاری پێویست كرا كه پێشتر له كۆبوونه‌وه‌ى به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئازەربایجان له میونشن بڕیارى لێ درابوو.
سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ باكۆ له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئازه‌ربایجان، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوون.