بەردەڕەش -KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش گوتی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە کە پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە ملیارێک و600 ملیۆن دیناری بۆ دابین کراوە و جگە لەوەش 40 کارمەند بە شێوەی گرێبەست بۆی دادەمەزرێت.
قایمقامی قەزای بەردەڕەش، ئیسماعیل مستەفا، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە کە پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین بکرێت کە لە ساڵی ڕابردوو بینای نەخۆشخانەکە تەواو بووە و زیاتر لە ملیارێک و600 ملیۆن دیناری بۆ خەرج کراوە.''
ئیسماعیل مستەفا گوتی: ''جگە لەوەش، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی دا کە 40 کەس بە گرێبەست بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دامەزرێن و دامەزراندنی چەند گرێبەستێکی دیکە بۆ بنکەی تەندروستیی ناحیەی دارەتوو.''
مستەفا باسی لەوەش کرد: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دابینکردنی پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش بکرێت.
بڵند ئیبراهیم