بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا گوتی: "دانوستانەکان بۆ سەرخستنی کاندیدی خۆمان ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەردەوامن و ھەمووان پشتگیری لە کاندیدکردنی دەکەن، نەک تەنیا لە ناوخۆ، بگرە لەسەر ئاستی دەرەوەش، بۆیە ھاوپەیمانێتییەکی بەھێزمان دروست کردووە، کە بێگومان ھۆشیار زێباری سەرۆککۆماری داھاتووی عێراقە".
موحسین سەعدوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لە دانوستان و پەیوەندییەکان بەردەوامین و ھاوپەیمانیی ئێمە لەگەڵ کوتلەکانی سەدر و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر زۆر بەھێزە و، دەمانەوێت کێشەی شیعەش چارەسەر بێت، دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانیش بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەوان، زۆر لە شوێنی خۆیدا بوو، کە سەرۆکی ھەرێم سەردانی سەدری کرد، ئەوەش گرنگ بوو بۆ پرۆسەی سیاسی و ھیوادارین ھەمووان بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".
سەعدوون گوتیشی: "لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش، ھەڵوێستی ئێمە تا ئێستا زۆر باشە و ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەرۆککۆماری داھاتوو ھۆشیار زێبارییە، ناشمانەوێت ھیچ کێشەیەک دروست بێت، نەک لەسەر ئاستی ناوخۆش، بگرە لەسەر ئاستی وڵاتانیش پشتگیرییەکی باشی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی، چونکە عێراقی گەڕاندەوە بۆ ئەندامی کۆمکاری عەرەبی و هەروەها ئەم وڵاتەی لە بەندی حەوتەم دەرھێنا و بە دانپێدانانی ھەموو ئەندامانی کۆماری عەرەبی، کاتی خۆی ھۆشیار زێباری باشترین وەزیری دەرەوەی عێراق بووە".
دەشڵێ: "کاری باشمان بۆ کردووە و زۆرینەی دەنگ بۆ زێباری دەبێت، ھیچ لایەنێکیش دژی کاندیدکردنی نییە و ھەمووان پشتگیری دەکەن، چونکە ھاوپەیمانێتییەکی بەھێزمان ھەیە لەگەڵ ھەمووان و بەو ھاوپەیمانییە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دیاری کران، کە تا ئێستاش ھاوپەیمانییەکە بەردەوامە و ئێمەش لە دانوستان بەردەوام دەبین تا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت و ھۆشیار زێباری دەبێتە سەرۆککۆمار، چونکە متمانەی تەواومان ھەیە کە سەرکەوتنی زێباری ھیچ گومانی تێدا نییە و بە ھیچ شێوەیەکیش کاندیدی خۆمان ناکشێنینەوە".
بڵند ئیبراھیم