بڵند نەورەس
مرۆڤایەتی پێویستی بە ئایدۆلۆژییەتێکە سەرتاسەری بێت ھاوشێوەی تەوژمی تەکنەلۆژی.
پێویستیشی بە سیستەمێکی سیاسی ھەیە کە ھاوڵاتی تیایدا بتوانێت ژیان بکات و ماف و پێداویستییەکانی تێدا پارێزراوبێت، ھاوشێوەی سویسرا و یابان.
بۆ ئەم ژیانەی ئێستا و لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ئاستەمە ئەم ئایدۆلۆژیا و سیستەمە.
بەڵام بەلای کەمەوە بۆ وڵاتان فەراھەمە و دەتوانن بیکەن، بەڵام نایانەوێت بیکەن ...!
سیستەمی دیموکراسی کە باشترینی خراپەکانە،ئێستا ھەموو نەنگی و کەلێنەکانی دەرکەوتوون، تایبەت لە رۆژھەڵاتی ناوڕاستدا، چونکە ئایدۆلۆژیا و سیستەم ئاراستەی دەکەن و جیاوازی ناکات لە نێوان تاکی باش و تاکی خراپدا و ھەمیشە ھەمان ئایدۆلۆژیا و ھەمان سیستەم سەردەخاتەوەو ھیچ دەرفەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ مرۆڤە شایستەکان و ھەمیشە ناشایستەکان پێشدەخاتەوە ...!
ھەر وڵاتێکیش ئاین تیایدا کرا بە ئایدۆلۆژیا و سیستەم و لە چوارچێوەی بەرکەوتنی مرۆڤدا ترازا و پەڕییەوە بۆ دامەزراوەکان، ئەو وڵاتە ھەموو رۆژێکی کارەساتێکە و ھەموو ساتێکی مردنێکە.
مێژووی مرۆڤایەتی ھەرچی وێرانکاری تیایدا روویداوە ھۆکارەکەی یان ئایدۆلۆژی ئایینی بوون، یان نەگریسی و نەگونجانی سیستەمی سیاسی...!
ئامانجیش ھەمیشە وەدەستخستنی ھێز و جڵەوگیری بووە بەسەر بەرامبەرێکی گشتیدا، ھەمیشە ئایین و ئایدۆلۆژیا و سیستەم پاساوبوون بۆ ئەو ململانێیانە ...!
پێشکەوتنی جیھانی پێشکەوتنێکی مادیی و رووکەش و فەنتازییە، لە رووی دروستکردنی مرۆڤەوە مرۆڤایەتی لە شکستێکی گەورەدایە و لەسەر ئەو شکستەش رێچکەی گرتووەو بەردەوامە...
مرۆڤی ئێستا ھەمان کۆیلەکانی جارانن، بەڵام کۆیلەی رێزلێگیراون، ئەوسا کۆیلەی خەڵک بوون ئێستا کۆیلەی ئایدۆلۆژیا و سیستەمن...!
مرۆڤایەتی پێویستی بە سیستەمی ھاوڵاتیبوون و مرۆڤ بوونە.
---
ئایدۆلۆژیا مەبەستم چەمکە بە ھەموو جۆر و رەھەندەکانییەوە.