Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مرۆڤایەتی پێویستی بە مرۆڤ ھەیە

بڵند نەورەس

مرۆڤایەتی پێویستی بە ئایدۆلۆژییەتێکە سەرتاسەری بێت ھاوشێوەی تەوژمی تەکنەلۆژی.

پێویستیشی بە سیستەمێکی سیاسی ھەیە کە ھاوڵاتی تیایدا بتوانێت ژیان بکات و ماف و پێداویستییەکانی تێدا پارێزراوبێت، ھاوشێوەی سویسرا و یابان.

بۆ ئەم ژیانەی ئێستا و لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ئاستەمە ئەم ئایدۆلۆژیا و سیستەمە.

بەڵام بەلای کەمەوە بۆ وڵاتان فەراھەمە و دەتوانن بیکەن، بەڵام نایانەوێت بیکەن ...!

سیستەمی دیموکراسی کە باشترینی خراپەکانە،ئێستا ھەموو نەنگی و کەلێنەکانی دەرکەوتوون، تایبەت لە رۆژھەڵاتی ناوڕاستدا، چونکە ئایدۆلۆژیا و سیستەم ئاراستەی دەکەن و جیاوازی ناکات لە نێوان تاکی باش و تاکی خراپدا و ھەمیشە ھەمان ئایدۆلۆژیا و ھەمان سیستەم سەردەخاتەوەو ھیچ دەرفەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ مرۆڤە شایستەکان و ھەمیشە ناشایستەکان پێشدەخاتەوە ...!

ھەر وڵاتێکیش ئاین تیایدا کرا بە ئایدۆلۆژیا و سیستەم و لە چوارچێوەی بەرکەوتنی مرۆڤدا ترازا و پەڕییەوە بۆ دامەزراوەکان، ئەو وڵاتە ھەموو رۆژێکی کارەساتێکە و ھەموو ساتێکی مردنێکە.

مێژووی مرۆڤایەتی ھەرچی وێرانکاری تیایدا روویداوە ھۆکارەکەی یان ئایدۆلۆژی ئایینی بوون، یان نەگریسی و نەگونجانی سیستەمی سیاسی...!

ئامانجیش ھەمیشە وەدەستخستنی ھێز و جڵەوگیری بووە بەسەر بەرامبەرێکی گشتیدا، ھەمیشە ئایین و ئایدۆلۆژیا و سیستەم پاساوبوون بۆ ئەو ململانێیانە ...!

پێشکەوتنی جیھانی پێشکەوتنێکی مادیی و رووکەش و فەنتازییە، لە رووی دروستکردنی مرۆڤەوە مرۆڤایەتی لە شکستێکی گەورەدایە و لەسەر ئەو شکستەش رێچکەی گرتووەو  بەردەوامە...

مرۆڤی ئێستا ھەمان کۆیلەکانی جارانن، بەڵام کۆیلەی رێزلێگیراون، ئەوسا کۆیلەی خەڵک بوون ئێستا کۆیلەی ئایدۆلۆژیا و سیستەمن...!

مرۆڤایەتی پێویستی بە سیستەمی ھاوڵاتیبوون و مرۆڤ بوونە.

---

ئایدۆلۆژیا مەبەستم چەمکە بە ھەموو جۆر و رەھەندەکانییەوە.