Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 20 JAN 2020 22:55 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

مه‌سرور بارزانی پیاوه‌ ئاوریشمیه‌ پۆڵاینه‌كه‌، به‌رنامه‌ی كارای حكومه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند
| KDP.info


د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود 

له‌دوای 30 ی ئه‌یلولی 2018 و پاش چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر و پتر له‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی بۆهه‌ر هه‌شت كابینه‌كانی پێشوو هه‌مان بوو، رۆژی 10 ی ئه‌م مانگه‌ مه‌سرور بارزانی به‌رنامه‌ی كاری – كارای كابینه‌ تازه‌كه‌ی حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌كه‌ی راگه‌یاند و رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ش یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا.

گوتمان مه‌سرور بارزانی، كارنامه‌ و به‌رنامه‌ی كابینه‌ به‌هێزه‌كه‌ی راگه‌یاند. حكومه‌تی به‌هێز، به‌رهه‌می له‌دایك بوونی به‌رنامه‌ و دروشم و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كه‌ له‌ 30ی ئه‌یلولی ساڵی پاردا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی بۆ( كوردستانێكی به‌هێز و به‌هێزتر ) مسۆگه‌ر كرد و له‌ سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و دونیاش سه‌لماندییه‌وه‌ بێ پارتێكی به‌هێزی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، كوردستانێكی بێ هێز و كۆمه‌ڵگایه‌كی لاواز دێته‌ به‌رهه‌م و هاوكێشه‌كانیش نه‌ك هه‌ر لاسه‌نگ ده‌بن، به‌ڵكو ئیراده‌ و ویستی نه‌ته‌وه‌ییش زیاتر ده‌كه‌ونه‌ ژێر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ و فشار و هه‌ژموونه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی له‌ناوچوونی قه‌واره‌ و كیانه‌كه‌.

ئه‌وه‌یان واقیعی حاڵی ئه‌و باردۆخه‌ی كوردستان بوو، به‌ له‌به‌ر چاوگرتن و به‌رزنرخاندنی  رۆڵ و پێگه‌ی پارت و لایه‌نه‌ نیشتیمانییه‌ كوردستانییه‌كانیش، له‌ دوای پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، كوردستان له‌ نێو بارودۆخێكی چه‌قبه‌ستووی نێو هه‌ژموون و فشاره‌كاندا قه‌تیس مابوو. 

له‌و ئان و ساته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا و له‌ نێو دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسییه‌كاندا كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م  له‌دایك بوو، وه‌ك به‌رهه‌می خه‌باتی په‌رله‌مانی و حكومه‌تداری قۆناغی دیموكراتی و مه‌ده‌نی دوای راپه‌ڕینی ئازاری 1991 و درێژه‌پێده‌رێكی ئه‌و رێبازه‌یه‌ تا به‌ خوێنی تازه‌ و كاره‌كته‌ری دیكه‌ی كارا، حكومه‌تمه‌داری كاراتر و به‌هێزتر و سه‌نگینتربێ.

گه‌رهه‌ندێ له‌ جومگه‌كانی ئه‌و كابینه‌ تازه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌به‌ته‌یه‌كی زێڕینی رۆژه‌ سه‌خته‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ش خۆی بینا بكاته‌وه‌، زۆر ئاساییه‌، چونكه‌ مه‌سرور بارزانی  سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێكی دی و باشتر له‌ كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ست به‌ قۆناغه‌كانی به‌ر له حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كات. زۆرباش ئاگاداره‌ و زۆر باشیش ئه‌و راستییانه‌ی له به‌ر چاوه‌، كه‌ حكومه‌تی نێچیرڤان ‌بارزانی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ی دوایدا چه‌ندین گرفت و كێشه‌ و ئاسته‌نگی مه‌زنی له‌ به‌رده‌مدا هه‌بووه‌. گرنگترینی ئه‌و گرفتانه‌ش به‌ سه‌ره‌قه‌له‌مێكیش بێ ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ن :

یه‌كه‌م: بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ له‌ سه‌رده‌می مالیكی – عه‌بادی وه‌ك ئاگادارین چۆن بوو و چۆن پیاده‌كرا.

دووه‌م: هێرش و په‌لامار و شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش و داگیركاری و جینۆسایدكردن و ئاواره‌بوونی هه‌زاران به‌ هه‌زاری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌و رووكردنه‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی له‌ ملیۆنانی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان باری گران و ده‌ردی گران بوون، له‌ سۆنگه‌ی داعشه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ په‌تا و به‌ڵایانه‌ بوون یه‌خه‌ی كوردستان و مرۆڤایه‌تییان گرت.

سێییه‌م: پرسی مه‌زنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دواتر  لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك و هێڕش و په‌لاماره‌كانی پردێ وسحێلا، رووداو و پرسێكی وا ئاسان نه‌بوون وه‌ك هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن له‌ گۆشه‌یه‌كی ته‌سكه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن و ده‌یبینن.

له‌و نێوه‌ند و گێژاوه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كوردستانی تێكه‌وتبوو، گه‌ر ژیری و حیكمه‌ت و ئاینده‌بینی دیبلۆماسییانه‌ی سه‌رۆك و رابه‌ری به‌ ئه‌زموون  مه‌سعود بارزانی نه‌بوایه‌ و جێبه‌جێی كاره‌ دبلۆماسیه‌ میانڕه‌وه‌ییه‌كه‌ی نیچیرڤان بارزانی پیاده‌ی نه‌كردبایه‌، قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌و كرانه‌وه‌ به‌ رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ له‌ دوای ریفراندۆم دره‌نگتر ده‌كه‌وتنه‌وه‌ سه‌ر واری واقیع و سه‌ر راسته‌ڕێی ده‌سه‌ڵات و حوكمداری كوردستانێكی یه‌كگرتوو.

له‌ راستی دا ئه‌و چه‌مكه‌ نادیارانه‌ی پشت په‌رده‌ی كاری سیاسیی و كارگێڕی ده‌وڵه‌تی ( ڕۆڵ، پێگه‌، پایه، كاره‌كته‌ر، كه‌سایه‌تی ) كاریزمایین، به‌ درێژایی مێژووی خه‌بات، ‌په‌روه‌رده‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ و خانه‌واده‌ و قوتابخانه‌یه‌ی بارزانه‌ و، وه‌ك بینیمان  كه‌سایه‌تییه‌كان، كاره‌كته‌ره‌كان ئه‌وانن پیاوی خاوه‌ن پره‌نسیپی ساته‌كانی ته‌نگانه‌ و قه‌یرانه‌كان. ئه‌و‌ كاریزماییه‌ش له‌ حیكمه‌ت و ژیری ئه‌و رێباز و رێچكه‌یه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ رێباز و په‌یڕه‌وی - له‌ سه‌ركه‌وتن مه‌غروور نه‌بوون، له‌ شكست نائومێد نه‌بوون- ه‌ی باوكه‌، بۆته‌ بۆماوه‌ و كه‌لتووری خه‌بات و تێكۆشانی پتر له‌ 100 ساڵه‌ی خه‌بات و تێكۆشان، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی پێشه‌نگی بزاڤی ناسیونالیستی شۆرشگێرییه‌وه‌ تا ساتی ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ رێچكه‌ و رێباز.

وه‌ك بینیمان، له‌ دوای كاره‌ساتی داگیركردنی كه‌ركووك، گه‌ر ئه‌و كاریزمایه‌ی كاره‌كته‌ر و رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی نه‌بوایه‌، نه‌ك هه‌ر كه‌ركووك، هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیشمان  له‌ ده‌ست ده‌چوو.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی چاوه‌روانكراو و جێ ئومێدی جه‌ماوه‌ره‌. 

ئه‌و، كوڕی باوكی خۆیه‌تی، باوك پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆك و رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ناوونیشان و سومبولی پرسێكه‌ دوور له‌ سازش و بگره‌ و به‌رده‌ و گه‌نگه‌شه‌ی  سه‌فسه‌تانه‌.

ئه‌و، گه‌نجی لێوه‌شاوه‌ی ژووره‌ رووناكه‌كانی ده‌زگای ئاسایش و پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی نییه‌، خاوه‌ن ئه‌زموونه‌‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی كوردستان ده‌كات و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ڕێگای حكومه‌ته‌ تازه‌كه‌ی به‌ خاكه‌ڕایی و بێ بریق وباق پێشكه‌ش ده‌كا و، ناونیشانێكی ساده‌ی وه‌ك ( هێله‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تی كوردستان)ی پێده‌به‌خشێ. 

چاودێران و شرۆڤه‌كاران كه‌ ناوه‌رۆكی به‌رنامه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌وا به‌رنامه‌ی كاره‌كه‌، نه‌ هێلی گشتی بوون، نه‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌م، به‌ڵكو نه‌خشه‌ڕێگا بوون، نه‌خشه‌ڕێگای به‌رنامه‌ی كارای حكومه‌تی كوردستانی دوای شه‌ڕ و گرفت و قه‌یرانه‌   كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان. ئه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌ش خۆی له هه‌میشه‌ ‌چاكسازی و به‌دواداچوون و گه‌شانه‌وه‌و بوژانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری ژێرخانی ئابوری و توانای سامانی مرۆیی زیاتر ده‌بینێته‌وه‌و ئامانجیش هه‌ر هێنانه‌دی ئه‌و دروشمه‌یه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز بۆ كوردستانێكی به‌هێزی دوور له‌ قۆرغكاری و گه‌نده‌ڵی.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی كوردستان، له‌سه‌ر بنچ و بنه‌وانی باوانی درێژه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانی شارستانیی و مرۆیی نه‌وه‌ی تازه‌ی مه‌ده‌نی ده‌وڵه‌تمه‌داری ده‌دات و له‌ نێو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵچوون و داچوونه‌ی باردوخی ناوچه‌كه‌دا، كابینه‌ی پێش خۆی چه‌نده‌ جوان و چه‌نده‌ به‌هێز بوو، كابینه‌ی نۆیه‌م جوانتر و به‌هێزتر ده‌كات و ئه‌زمونی حكومه‌تمه‌داری كوردستانی به‌ پشتیوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و رێنمایی و پشتگیری رابه‌ر و سه‌رۆك بارزانی باشتر و پته‌وتر ده‌چه‌سپێنێ .

ئه‌و پشتیوان و پشتگیرییه‌ له‌ هه‌ردوو ئاستی به‌رزدا، چۆن مایه‌ی خۆشحاڵی جه‌ماوه‌رو خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئاواش هێز و توانا و سه‌نگێكی دیكه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر پره‌نسیپ و پرسه‌ مه‌زنه‌كان ناكرێت. 

ئه‌و، مه‌سرور بارزانی  پیاوه‌ ئاوریشمه‌ پۆڵاینه‌كه‌یه‌، نه‌ك پیاوی مه‌حاكم ته‌فتیش، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ وێنه‌كه‌ وه‌كو خۆی به جوانی و دره‌وشاوه‌یی له‌ چوارچیوه‌ ره‌نگینه‌ قه‌شه‌نگه‌كه‌یدا ببینرێت.  ‌‌

 




دوایین هەواڵەکان

ڕێکخراوی ناحکوومیی سویدی لە هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت

MONDAY, 20 JANUARY 2020 19:01:42

هه‌ولێر-KDP.info- بەرپرسی ڕێکخراوی ناحکوومیی (سوێدۆ)ی سوێدی بۆ پرسەکانی هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێزان، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە گەرمی پیشوازی کران.

 
لە داڤۆسی ٢٠٢٠ هەرێمی کوردستان لەنێو وڵاتە ئابووری و سیاسییەکانی جیهاندایە

MONDAY, 20 JANUARY 2020 19:01:48

دهۆک-KDP.info- فۆکسی هەموو دنیا و میدیاکان لەسەر کۆڕبەندی  ئابووریی جیهانی داڤۆسە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆڕبەندی ساڵانە، بە ئامادەبوونی سیاسەتمەداران و ئابووریناسان، وڵاتانی جیهان تاوتویی پرسە گرنگەکانی جیهان دەکەن، ئەمەش لە دوای گۆڕینی ئابووری و جیۆسیاسیی جیهانە.

 

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن: نووسراومان كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل

MONDAY, 20 JANUARY 2020 16:01:57

هەولێر-KDP.info- وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن ئاماژه‌ به ‌كاری كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ ده‌كات و باس له‌وه‌ ده‌كات نووسراویان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرێی كارتی مۆبایل كه‌م بكرێته‌وه‌.

 

زێدان برادۆستی: ئەمساڵ پڕۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات

MONDAY, 20 JANUARY 2020 15:01:44

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای پێداچوونەوە و گەڕانەوەی داھات لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ژمارەیەک فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت. پەرلەمانتارێکیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ پڕۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات.

 

مامۆستایەکی زانکۆ: لە داڤۆس پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی دنیا دادەرێژرێتەوە

MONDAY, 20 JANUARY 2020 15:01:35

هەولێر-KDP.info - سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەکات، کە لەسەر ئاستی سەرۆکدا وڵاتانی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن و، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی تری وڵاتان دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

 



 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP