کەرکووک-KDP. info- مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان-خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رووداوی شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد لە پردێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات.
29ـی ئەیلوولی 2026، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رووداوی گیانلەدەستدانی دوو گەنجی کورد لە پردێ مایەی خەم و پەژارەیە. پارتی جەختیکردەوە، پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل ئەرکێکی سەرەکی و لەپێشینەیە و پێویستە هەموولایەک بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: هێزە ئەمنییە فەرمییەکان پێویستە پارێزەری راستەقینەی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان بن و بەوپەڕی وریاییەوە ئەرکەکانیان راپەڕێنن. بەپێی بەیاننامەکە، لە کاتی هەر هێرش و رووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت. داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، بەپەلە لێژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و راستییەکانی ئەم رووداوەی پردێ پێکبهێنێت. مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی جەختیکردەوە، پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەمتەرخەمان بگیرێتە بەر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید محەممەد هێمن و موراد زانا کرد و هیوای سەبووری بۆ کەسوکاریان خواست.