Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 28 SEP 2026 01:27 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: ڕه‌خنه‌ یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی هێزی وڵاته‌
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئێواری ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦/٩/٢٧، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بیستەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێردا کرد و بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:

میوانانی بەڕێز،

ئەندامانی زانکۆ،

قوتابییان، دەرچووان و دۆستانی ئازیز،

ئێوارەتان باش،

خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە ھەموومان بۆ یادی بیست ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر، لێرە پێکەوەین .

تا ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان تەنیا یەک کاری لەپێشینەمان ھەبوو، ئەویش مانەوە بوو‌. بۆیە ھەموو وزە و توانای خۆمان تەنیا لەو کاتەوە بۆ مانەوە تەرخان کردبوو. دواجار لەگەڵ ئازادیی عێراقدا، ئومێدێکی نوێ بۆ گەلەکەمان دروست بوو. دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا تا بەشێکی زیاتری توانامان بۆ بنیاتنان تەرخان بکەین. ئەوە بوو بیست ساڵ لەمەوبەر، ئێمە دەستمان بە شتێکی نوێ کرد.

ساڵی ٢٠٠٦، ھەرێمی کوردستان خۆی دەچوو بۆ قۆناغێکی نوێ. ئێمە ڕێگەوبان، دامەزراوە و پەیوەندیمان لەگەڵ جیھاندا بنیات دەنا. بەڵام ئەوکات بڕوام وابوو، ئەمڕۆش بە باوەڕێکی قووڵترەوە بڕوام وایە کە گرنگترین وەبەرھێنان بتوانین بیکەین، وەبەرھێنانە لە زانست و لە نیشتماندا. لەبەر ئەوەش بوو زانکۆی کوردستان ـ ھەولێرمان دامەزراند.

کاتێک ئەم زانکۆیەمان دامەزراند، ئامانجێکی ڕوون و نەگۆڕمان ھەبوو: ئێمە ویستمان لەتەک زانکۆکانی دیکەی کوردستاندا، زانکۆیەکی نوێ کە ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، دابمەزرێنین. زانکۆیەکمان دەویست خوێندن تیایدا بە زمانی زانستیی سەردەم بێ. زانکۆیەک کە بە جیھانەوە بەسترابێتەوە، پابەندی ستانداردی باڵای ئەکادیمی بێت و ڕێز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ بگرێ. بەر لە ھەموو شتێک، دەمانویست گەنجانمان فێر بن چۆن بیر بکەنەوە، بیرکردنەوەیەکی دروست و بابەتییانە.

بەڕێزان..

دوای بیست ساڵ، زۆر شت ھەن کە مایەی شانازی و پێزانینن. زانکۆ دەبێ شانازی بکات بەوەی کە زیاتر لە (٣,٧٠٠) گەنجی ئەم نیشتمانەی دەرچوواندووە. شانازی بە ڕۆڵی کاریگەریان بکات لە ئاوەدانکردنەوە و لە پێشخستنی کوردستاندا.

بەوەی لەسەدا (٧٥) دەرچووان بە کارایی لە بازاڕی کاردان و لەسەدا (٩٠)ی ئەو ڕێژەیە بوونەتە بڕبڕەی پشتی کەرتی تایبەت، لە پاڵ ئامادەییی بەھێزیان لە کەرتی گشتی و خوێندنی باڵادا. ھەروەھا زیاتر لە (١٥٠) دەرچووی ئەم زانکۆیە نەک ھەر بەدوای دەرفەتی کاردا نەگەڕان، بەڵکوو بوونە دەستپێشخەر و دەرفەتی کاریان بۆ سەدان گەنجی دیکەی کوردستانیش ڕەخساند.

ئەمڕۆ دەرچووانی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر لە ھەموو پارێزگاکانی کوردستان، بزوێنەری سەرەکیی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنن، بە کردەوەش سەلماندیان کە گرەوکردن لەسەر پەروەردەی سەردەمییانە و پێگەیاندنی تاکی بەتوانا، سەرکەوتووترین ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان.

بەڵام ئەو بیست ساڵە شتێکیشی فێر کردین کە ساڵی ٢٠٠٦ بە دروستی پێمان نەدەزانی: دامەزراندنی دامەزراوەیەک دەستکەوتێکە، بەڵام بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە توانای فێربوون، گۆڕانکاری و مانەوەی ھەبێت، دەستکەوتێکی دیکەیە.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، گوزەری کاروانی زانکۆ بێ گرفت نەبووە. لەگەڵ دەستکەوتی بەرچاو، بەربەستی سەختیش ھاتوونە ڕێ. بڕیاری باش ھەبوون، بڕیاری واش ھەبوون کە پێویستییان بە پێداچوونەوە ھەبووە. پێویست بوو لەسەر زانکۆ فێر بێت، خۆی بگونجێنێت، ھەڵەکان ڕاست بکاتەوە و بەرەو پێشەوە ھەنگاو بنێت.

نابێت گلەیی لە ڕابردووی زانکۆ بکەین، بەڵکوو دەبێت لێیەوە فێر بین. چونکە دامەزراوە بەوە بەھێز نابێت خۆی وا پیشان بدات کە ھەڵەی نەکردووە. بەڵکوو بە دیاریکردنی ھەڵەکانی و ڕاستکردنەوەیان، دامەزراوەکە بەھێز دەبێت. ڕەنگە دوای بیست ساڵ، زانکۆ وێنەیەکمان پیشان بدات کە تیایدا بەشێک لە کاروانی کوردستانیش ببینین.

بەڕێزان..

ئەگەر تەماشای ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦دا بکەن، ئەمڕۆش تەماشای ھەرێمی کوردستان بکەین، جیاوازییەکی مەزن بەدی دەکەین. ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک‌ شتمان بەدی ھێناوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دوور دەبینرا بتوانین بیکەین. ژێرخان و دامەزراوەمان بنیات ناوە، دەرگای کوردستانمان بەڕووی جیھاندا کردووەتەوە، پەیوەندیی نێودەوڵەتیمان بەھێز کردووە، نەوەیەکی نوێ و لێھاتوومان پێگەیاندووە.

ھەموو ئەوانە بۆ نەوەکانی پێشوو وێناکردنیان سەخت بوو. بەڵام گوزەری کاروانی ئێمەش بێ گرفت نەبوو. ڕووبەڕووی تیرۆر و شەڕ بووینەوە، شەڕی شکاندنی داعشمان کرد. پێشوازیمان لە ژمارەیەکی گەورەی ئاوارە و پەنابەر کرد. بەرگەی قەیرانی ئابووری، ناکۆکیی سیاسی، پەیوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا و ناسەقامگیریمان لە تەواوی ناوچەکەدا گرت.

ھەندێک لە کێشەکانمان لەو بارودۆخانەوە ھاتن کە ناوچەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوون. ھەندێکیشیان دەستکردی خۆمان بوون. دەبێت ئەو متمانەیەشمان بە خۆمان ھەبێت کە جیاوازی لەنێوانیاندا بکەین. چونکە ئەو وانەیەی لەم بیست ساڵەدا وەرمانگرتووە ئەوە نییە کە ئێمە لە ھەموو شتێکدا ڕاستمان پێکابێت، لەبەر ئەوەی وا نەبووە.

وانەکە ئەوەیە کە پێشکەوتن پەیوەستە بە توانای ئێمەوە بۆ فێربوون. ئەوەی بەسوودە، دەبێت بیپارێزین و برەوی پێ بدەین. ئەوەی بێ سوودە، دەبێ بیگۆڕین. ئەوەی کۆن بووە، دەبێت نوێی بکەینەوە بە شێوەیەک کە باشتری بکەین. کاتێکیش ئەو بژاردانەی لەبەردەستماندان بەپێی پێویست باش نامێننەوە، دەبێت بوێری و بیری داھێنانی بژاردەی نوێمان ھەبێت.

ئەم بنەمایە لە ناخی زانکۆوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر زانکۆ قوتابییەکانی فێر بکات کە گومان لە نەگۆڕەکان بکەن، بەڵگە بپشکنن و ڕەخنەگرانە بیر بکەنەوە، ئەوا دەبێت زانکۆ خۆیشی بەرامبەر بە ڕەخنە، بە کراوەیی بمێنێتەوە. کوردستانیش بە ھەمان شێوە. ئێمە گەنجانێکمان دەوێت لەم وڵاتە کە ڕێز لە قوربانیدانی نەوەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانیان بگرن. بەڵام ڕێزگرتن نابێت بە واتای بێدەنگی بێت.

ئێمە نەوەیەکی بوێرمان دەوێت کە ئازایەتیی پرسیارکردن و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی ھەبێت. نەوەیەک کە ھەڵەمان کرد بتوانێت پێمان بڵێت: ھەڵەتان کرد. ڕەخنە ھەڕەشە نییە بۆ سەر کوردستان، بەڵکوو یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی ھێزی وڵات. ھەڵەکردن، دەرفەتێکە بۆ فێربوون، سەرچاوەیەکە بۆ ئەزموون.

جیھانی ئەمڕۆ، زۆر جیاوازە لە جیھانی ساڵی ٢٠٠٦. ژیریی دەستکرد: پەروەردە، زانست، حکوومەت و ئابووری دەگۆڕێت. ئەو زانیارییانەی ڕۆژانێکی زۆری پێدەچوو تا سۆراخیان بکەین، ئێستا لە چەند چرکەیەکدا دەکرێت بەدەست بھێنرێن. لە جیھانێکی وەھادا، زانیاری بە تەنیا بەس نییە. پێویستمان بە کەسانێکە بتوانن جیاوازی لەنێوان زانیاری و زانیندا بکەن.

جیاوازی لەنێوان دووبارەکردنەوە و شرۆڤەکردندا بکەن. کاتێک دەزانن کە ھەڵەن، بتوانن بۆچوونی خۆیان بگۆڕن. بتوانن جیاواز بن لە بیروبۆچووندا، بێ ئەوەی جیاوازی بکەنە دوژمنایەتیی یەکتر. ھەروەھا بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە ھێشتا چارەسەرمان بۆ نەدۆزیوەتەوە.

بیست ساڵ لەمەوبەر پرسیمان: کوردستان پێویستی بە چ جۆرە زانکۆیەکە؟ ئەمڕۆش دەمەوێت پرسیارەکە پێچەوانە بکەمەوە: ئەوانەی لەم زانکۆیەدا فێر بوون، دەتوانن بۆ دروستکردنی چ جۆرە کوردستانێک یارمەتیمان بدەن؟

ماوەی بیست ساڵە دەرچووانمان دەچنە کایەی حکوومەت، بازرگانی، زانست، پەروەردە و کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵام چاوەڕوانیمان زیاترە لە چوونە ناو دامەزراوەکانەوە. چاوەڕوانیمان لە دەرچووانمان ئەوەیە: دامەزراوەکان باشتر بکەن. ھەندێکیان ئەو دامەزراوانە بینات بنێن کە ھێشتا بوونیان نییە.

ھیوادارم نەوەی ئێستا ھەرگیز وا بیر نەکەنەوە کە نەوەی ئێمە ھەموو ئەو دەرفەتانەی دۆزیوەتەوە کە ھەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی. چونکە ئێمە نەمانتوانیوە ھەمووی بدۆزینەوە، ئێمە تا ئێرەمان ھێناوە، لێرەش بەدواوە ڕادەستی ئێوەی دەکەین.

ھیچ نەوەیەک کوردستانێکی بێ خەوش و بێ گرفت بە میرات وەرناگرێت. نەوەی ئێمە کوردستانێکی بە میرات وەرگرت کە ستەم، شەڕ، وێرانی و قوربانیدانی بێوێنە، وێنای کردبوو. ئێمە ھەوڵمان دا ئەو میراتە بگۆڕین بۆ ئاسایش، دامەزراوە، گەشەپێدان و دەرفەتی نوێ. نەوەی ئێوە میراتێکی جیاواز وەردەگرێت.

ئێوە میراتی ئەوە وەردەگرن کە ئێمە بنیاتمان ناوە: دەستکەوتەکانمان، ئەزموونمان، ئەو کارانەمان کە بێ کەموکورتی و ھەڵە نین. بەرپرسیاریەتیی ئێوەش ئەوە نییە تەواوی ئەم میراتە ڕەت بکەنەوە، یا بێ ھیچ لێ وردبوونەوەیەک داکۆکیی لێ بکەن. بەرپرسیاریەتیی ئێوە ئەوەیە ئەم میراتە باشتر بکەن و کوردستان بەرەو قۆناغێکی تر بەرن. ھەمان شتیش بۆ ئەم زانکۆیە و بۆ تەواوی زانکۆکانی دیکەی کوردستان ڕاستە.

نابێ زانکۆ بیست ساڵی داھاتوو لە ھەوڵی ئەوەدا بێت وەک ئەوە بمێنێتەوە کە ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٦دا وێنامان کردبوو. بەڵکوو دەبێت ببێتە زانکۆیەک کە تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا نەتوانین وێنای بکەین. دەبێت زانین و زانستێک بەرھەم بھێنێت کە ئێستا کوردستان نییەتی. یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ھێشتا چارەسەرمان نەکردوون. بە باشترین زانست و زانینی جیھانەوە ببەسترێتەوە، لە ھەمان کاتدا بە قووڵی بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە کوردستان؛ بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە. ھەمیشەش ئەو متمانەیەی ھەبێت کە لە خۆی وردبێتەوە و دووبارە خۆی بگۆڕێت، خۆی لەگەڵ ھەلومەرجی نوێدا بگونجێنێت.

قوتابییانی ئازیز،

گەنجانی خۆشەویست..

بیست ساڵ لەمەوبەر، دامەزراندنی ئەم زانکۆیە بەرپرسیاریەتیی ئێمە بوو. بەڵام ئەوەی لە ماوەی بیست ساڵی داھاتوودا ئەم زانکۆیە دەبێتە چی؟ زیاتر و زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی گەنجی خۆشەویست. ئەوەی سوودی ھەیە، بیپارێزن. ئەوەی سوودی نییە، لێی بپێچنەوە. لە دەستکەوتەکانمانەوە فێر بن. لە ھەڵەکانیشمان سڵ مەکەنەوە، لێی فێر بن. مەھێڵن ڕێزگرتن لەو دەرفەتانەی نەوەی ئێمە دروستی کردوون، ببێتە سنوورێک ڕێگری لەو دەرفەتانە بکات کە نەوەی ئێوە دەتوانێت بیانھێنێتەئاراوە.

مەبەست لە داھاتووی زانکۆ ھەرگیز و ھەرگیز ئەوە نەبووە ببێتە مۆنۆمێنتێک بۆ دامەزرێنەرانی، بەڵکوو ئەوە بووە ببێتە دامەزراوەیەک کە توانای ئەوەی ھەبێت خۆی لە کاروانی ئەوان تێپەڕێنێت. ڕەنگە ھەمان شتیش پێویست بێت بۆ کوردستان بگوترێت.

گەورەترین دەستکەوتمان ئەوە نابێت نەوەی داھاتوو ڕێک ئەوە بپارێزێت کە ئێمە بنیاتمان ناوە. بەڵکوو ئەوە دەبێت: زانست، ئازادی و ئەوەندە باوەڕی بە خۆی بێت ئەو شتانە بنیات بنێت کە ئێمە نەمانتوانی بنیاتیان بنێین. سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئێمە لەوەدا نییە ئێوە لە ئێمە بچن، سەرکەوتن لەوەدایە کە ئێوە لە ئێمە باشتری بکەن و بەرەو پێشەوەی ببەن.

بیستەمین ساڵیادی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر پیرۆز بێت. بەو ھیوایەی بیست ساڵی داھاتوو (زانکۆ و کوردستان) بباتە قۆناغێک لە پێشکەوتن کە ئێستا بە خەیاڵماندا نەیەت ڕۆژێک پێی دەگەین، پەنا بەخوا دەگەینە ئەو ڕۆژەش.

زۆر سوپاستان دەکەم و ھیوای ئێوارەیەکی خۆشتان بۆ دەخوازم.‌

دەمەوێ لە کۆتاییی قسەکانمدا سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدار بوون لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە و بەرەوپێشبردنی. سوپاسی سەرۆکی زانکۆ دەکەم، سوپاسی جێگری سەرۆکی زانکۆ، کریس، دەکەم ئەویش لێرەیە و سوپاسیان دەکەم، ھەروەھا دەمەوێ سوپاسی کاک ئیدریسیش بکەم کە ئەویش لێرەیە، ئینجا با یەک تۆز باریشی گران بکەم بەوەی کە ئەوەی من ئاگادارم کەمپی زانکۆ لە ڕووی دیزاینەوە تەواو بووە و ئێمە لێرەوە دەڵێین ئەو کەمپە بە زووترین کات دەستی پێ بکرێت و کەمپی نوێ بۆ زانکۆ بکرێتەوە کە بەڕاستی ئەو قوتابییانەی لێرە دەخوێنن شایستەی ئەوەن، ئێمەش پشتگیرییان دەکەین بۆ ئەوە.

پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم ئەوانەی کە دەرچوون و زۆر سوپاسیشتان دەکەم بەرگەی قسەکانی منتان گرت، زۆر درێژ بوو، داوای لێبوردن دەکەم بەڵام باش بوو بەرگەتان گرت و ھەموو لایەکتان بە خێر بێن.




دوایین هەواڵەکان

پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان

SUNDAY, 27 SEPTEMBER 2026 20:09:00

ھەولێر-KDP.info- به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٦٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر، ستافی بەڕێوەبردن و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان کرد.

 
وەزارەتی شەهیدان و دەزگای شەهیدانی عێراق یاداشتی هاوتاکردنی مووچەیان واژۆ کرد

SUNDAY, 27 SEPTEMBER 2026 19:09:36

ھەولێر-KDP. info-  عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولئیلا وائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق یاداشتێکییان واژۆ کرد و بە گوێرەی یاداشتەکە، لەمەودوا مووچەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بۆ KDP.info: بێئەندازە شانازی بە ئاڵاکەمانەوە دەکەین

SUNDAY, 27 SEPTEMBER 2026 16:09:01

ھەڵەبجە-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە زنجیرەیەک چالاکیی هونەری و کلتووریی سێ ڕۆژەی ئەنجام دا. لە دوا ڕۆژی چالاکییەکاندا، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم بە دەیان ئاڵای پیرۆزی کوردستان پۆشرا و دیمەنێکی نیشتمانیی وای بە ناوچەکە بەخشی کە لە وێنە و یادگاریی سەرجەم گەشتیاراندا وەکو سەروەتێکی نەتەوەیی بەرز ڕادەگیرێت

پلان و ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دەستی پێكرد

SUNDAY, 27 SEPTEMBER 2026 14:09:00

ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.9.27، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی، و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانیەكان، كشتوكاڵ، كەش ناسی، سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسانی دیكەی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان،کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نەمسا لە عێراق دەکات

SUNDAY, 27 SEPTEMBER 2026 13:09:31

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەکشەممە ۲۷ی ئەیلوولی ۲٠۲٦ لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئاکسل ڤێش باڵیۆزی نوێی نەمسا لە عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact