هه‌ولێر -KDP.info- بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌ڵێ "جووڵه‌ی بارزگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ئاساییه، لیژنه‌كانی حكوومه‌تیش بەردەوام چاودێری ڕه‌وشی بازاڕ ده‌كه‌ن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و كوالێتی."
سه‌روه‌ر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان جووڵه‌ی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان به‌رده‌وام و ئاساییه، چونكه ڕۆژانه كاڵای زۆر له وڵاته جیاوازه‌كان هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ئێمه له وه‌زاره‌تی بازرگانی تیم و لیژنه‌ی به‌دوداچوونمان هه‌یه و چاودێری ڕه‌وشی بازاڕ ده‌كه‌ن، هه‌م له‌ڕووی نرخه‌وه هه‌میش كوالێتی ئه‌و خۆراك و كه‌لوپه‌لانه‌ی هاورده ده‌كرێن، هه‌ركه‌سێكیش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت نه‌بێت یانیش زێده‌ڕۆیی بكات ئه‌وه سزا ده‌درێت."
بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی گوتیشی "له سه‌رتاسه‌ری جیهان گۆڕانكاری له نرخ ڕوویداوه و له سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنان گۆڕانكاری به‌سه‌ر نرخی كاڵادا هاتووه، به‌داخه‌وه كاریگه‌ری كردووەته سه‌ر نرخی كاڵاكان و هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نیه له‌و گرانیه‌ی ڕووی له جیهان كردووه، هه‌ر ئێمه نینه گرانی ڕووی تێكردووین، له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان نرخ گۆڕاوه و كه‌لوپه‌ل له سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنان نرخی زیاد بووه."
سه‌روه‌ر هاواری ڕوونی كرده‌وه "ئاسته‌نگی هاتوچۆ و دره‌نگ گه‌یشتنی كاڵا به‌هۆی ئاڵۆزیه‌كانی ناوچه‌كه كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه، له‌سه‌ر نرخ، چونكه كاتێك نرخی گواستنه‌وه زیاد ده‌بێت ئۆتۆماتیكی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ هه‌یه، به‌ڵام لیژنه‌كانی ئێمه ده‌گه‌ڕێن و پشكنین بۆ مهنەفێستی كاڵاكان ده‌كه‌ن له بازاڕدا، ئه‌گه‌ر بزانین نرخی كاڵایه‌كی زۆر به‌رزكراوه‌ته‌وه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت."
قائید میرۆ