هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. چنار سەعد عەبدوڵڵا و جوان ڕۆژبەیانی، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەب، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرە تێکۆشەر و دڵسۆزەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر پێگە و ڕۆڵی مێژوویی کادیرە تێکۆشەرەکانی بەرز نرخاند کە لە قۆناغە سەختەکاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی ئەم کادیرانە لە ئێستا و ئاییندەشدا لە پێناو خزمەتکردنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و کوردستان بەردەوام دەبێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق هەڵسەنگاندنی بۆ دواین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و بارودۆخە ئاڵۆزەکە کرد. لەم چوارچێوەیەدا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە وەک نوێنەری ئیرادە و دەنگی گەلی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی دەستپێشخەرییەکاندا بووە.

