ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۳ی ئەیلوولی ۲٠۲٦، دکتۆر ھێمن ھەورامی، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری فیدڕاڵی ڕووسیا لە ھەولێر کرد، کە بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ماوەی کارکردن و ئەرکەکانی ماکسیم ڕوبن، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، دکتۆر ھێمن ھەورامی بە ناوی سەرۆک بارزانییەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی کونسوڵی گشتیی ڕووسیا کرد بۆ ھەوڵ و کۆششەکانی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی کارکردنیدا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردن و بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییە مێژوویی و دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری فیدڕاڵی ڕووسیا و ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، بەنوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پۆست و کارە نوێیەکەیدا لەناو وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لێکرد و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری لە ئەرکە دیپلۆماسییەکانی داھاتوویدا بۆ خواست.

