هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دۆسیەی پێشمەرگە و كۆمپانیا گشتییەكان كۆدەبێتەوە، تەوەری یەكەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كاروباری پێشمەرگە لەبارەی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە مەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، تەوەری یەكەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كاروباری پێشمەرگە لەبارەی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەت و هەنگاوەكانی داهاتوو، لەگەڵ هەوڵەكان بۆ یەكسانكردنی مووچە و شایستە داراییەكانیان لەگەڵ هێزەكانی حكوومەتی فیدراڵی.
تەوەری دووەمیش پێشنیازی بەكاركردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكانی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ١٩٩٧ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی یەكخستنی تەشریعاتی بازرگانی و ئابووریدا دەبێت لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵدا.