چۆمان-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حزبی، حکوومی و ئەمنی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی بارەگای لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد لە قەزای چۆمان.
شاندەکە پێکهاتبوون لە بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە هاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و ئاسایشییەکانی سنوورەکە. لەلایەن شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، کارگێڕانی لق و بەرپرسی ناوچەکانی سنووری لقی ٢٦ بەگەرمی پێشوازییان لێ کراوە.
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران و گفتوگۆی ورد کرا لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی خێرا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنمایییەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی پرۆسەی دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەرانی ناوچەکەدا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی و بەردەوامیی هاوکاریی نێوان دامەزراوە حکوومی، ئەمنی و حزبییەکان کرایەوە بە مەبەستی خێراکردنی ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان و خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکە.
