بەغدا-KDP. info- هاوپەیمانی نیشتمانی پیشوازی لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات و هەنگاوەکەی بە گرنگ بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا وەسفکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 222ـی ئەیلوولی 2026، هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، پێشوازی لە بڕیاری یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکات، هاوکات هەنگاوەکەی بە پێویست زانی بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
هاوپەیمانیی نیشتمانی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆڵی نیشتمانیی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو قوربانیدانانەی لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکاندا پێشکەشیان کردووە، بەرز دەنرخێنێت. جەختیشی کردەوە، یەکخستنی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتوودا، کە لەسەر بنەمای پیشەیی و دیسیپلین کار دەکات، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری.
هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرجەم ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنێت کە بۆ گەیشتن بەم قۆناخە دراون. هاوکات ئومێدی ئەوە دەخوازێت ئەم هەنگاوە ببێتە بنەمایەک بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاریی زیاتر، کە لە کۆتاییدا بەشداری لە چەسپاندنی بنیاتنانی دامەزراوەکان، پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.