هەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەڕەنسی کرد کە پێکھاتبوو لە بەڕێز ڕێمی فێرۆ سێناتۆری ھەرێمی پاریس و بەڕێز ئۆلیڤیێ بلیتز سێناتۆری ھەرێمی ئۆرن.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆز ئیمانویێل مینیۆ کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێریش ئامادەی بوو، شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بنیاتنانی دامەزراوەکانی ھەرێم و فەرماندەییکردنی ھێزی پێشمەرگە و تێکشکاندنی داعش ھەبوو. ھەروەھا ڕۆڵی سەرۆک بارزانیان لە ھەوڵدان بۆ جێگیرکردنی بنەماکانی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەرز نرخاند. شاندی میوان جەختیشیان لە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و ھەرێمی کوردستان کردەوە کە پەیوەندییەکی مێژوویی و سیاسی و کولتووری و جەماوەریی ھەمەلایەنە و ڕەگداکوتاوە و گەل و حکوومەتی فەڕەنسا ھەمیشە بەچاوی ڕێزەوە سەیری خەبات و قوربانیدان و پەرۆشی بۆ پێکەوەژیان و دیموکراسیی گەلی کوردستان دەکەن.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لە بارەی مێژوویی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و گەلی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان و سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی ڕاپەڕین و ھەوڵی فەڕەنسا بۆ دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و ھاتنی سەرۆک ئۆلاند و سەرۆک ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا کردنەوەی ڕێڕەوێک لە شاری پاریس بەناوی پێشمەرگە خستەڕوو. جەختیشی لەوە کردەوە ھەموو ئەو وێستگە مێژووییانە بەڵگەنە بۆ بوونی ھاوبەشی و پەیوەندییەکی پتەوی دۆستانە لەنێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا.
ھەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھیچ کات بەشێک نیە لەو گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا ھەن و ھەمیشە بەشێکە لە چارەسەر. ھەروەھا پەیوەست بە دۆخی عێراق ڕایگەیاند کە بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەستوور و بنەماکانی ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی جێبەجێ بکرێن و دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەقامگیری بپارێزرێن.
