شیلان محەمەد زەنگەنه
پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن و بەبانکیکردنی مووچە (بەنیشتمانیکردن)، جگە لەوەی پرۆسەیەکی تەکنیکی و ئیداریی شیاوە بۆ دابەشکردنی پارە، یەکێکیشە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی حوکمڕانی. ئەم پرۆسەیە ڕەهەندێکی قووڵی یاسایی، ئابووری و کارگێڕی هەیە، کە ڕاستەوخۆ سیستەمی سیاسی و ئابووری بەرەو مۆدێرنبوون دەبات.
لە سیستەمی ناڕێکخراودا، مووچە و داهات دەبێتە ئامرازێک بۆ دەسەڵات یاخود فشار، بەئەلیکترۆنیکردن ئەم پەیوەندییە کەسییە بنبڕ دەکات، مووچە دەگۆڕێت لە مەتڵەبێک یان پاداشتێک کە لە ڕێگەی دەسەڵاتی کەسییەوە بدرێت، بۆ مافێکی یاسایی جێگیر کە بەپێی کاتی دیاریکراو دەچێتە سەر هەژماری بانکی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕەزامەندی یان وەرەقەی فەرمی کەسێک هەبێت.
هاوکات بەستنەوەی زانیاریی فەرمانبەران بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی ناوەندی و پشکنینی بایۆمەتری، دیاردەی ناوی وەهمی و دوو مووچەیی بنبڕ دەکات. دروستکردنی داتابەیسێکی باوەڕپێکراو بۆ ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران، ڕێگە بە چاودێریی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی دەدات بە شێوەیەکی زانستی چاودێریی خەرجییەکان بکەن و شەفافیەتی دارایی و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و بنبڕکردنی گەندەڵی بەدی بهێنن.
دامەزراوەکان کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە هاووڵاتی هەست بە دادپەروەری بکات، کاتێک فەرمانبەر دڵنیا دەبێت کە مووچەکەی بە بێ جیاوازی و لە کاتی خۆیدا دەگاتە دەست، متمانە بە دەزگاکانی دەوڵەت بەهێزتر دەبێت، ئەمە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە، کە تێیدا پەیوەندیی نێوان تاک و دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسا و ماف بەڕێوەدەچێت نەک ڕەحمەت یان وەرگرتنی ڕەزامەندی.
سەرەڕای ئەمانە، بەبانکیکردن تەنها بۆ وەرگرتنی مووچە نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ بەشداریپێکردنی دارایی. کاتێک زۆرینەی هاووڵاتییان خاوەنی هەژماری بانکی دەبن، سیستەمی بانکی گەشە دەکات، خزمەتگوزاریی وەک قەرزدانەوە، پاراستنی پاشەکەوت و مامەڵەی دیجیتاڵی چالاک دەبن، کە ئەمانە هەموویان خەسڵەتی ئابوورییەکی دامەزراوەیین.
لەلایەکی ترەوە، بەئەلیکترۆنیکردن داتای ورد و ڕاستەقینە دەداتە دەست حکوومەت سەبارەت بە قەبارەی هێزی کار و دابەشبوونی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا، ئەمە یارمەتیی بڕیاربەدەست دەدات کە پلانی ستراتیژی دابنێت بۆ چارەسەرکردنی کورتبڕی یان زێدەبوونی فەرمانبەران لە کەرتێکی دیاریکراودا، بە شێوازێکی زانستی و دوور لە هەڕەمەکییەت.
لە ئەنجامدا بەئەلیکترۆنیکردن و بەبانکیکردنی مووچە، گواستنەوەیەکی گەورەیە لە حوکمڕانیی کارگێڕیی نەریتی و کاغەزییەوە بۆ حوکمڕانییەکی دیجیتاڵی و سەردەمییانە. ئەم پرۆسەیە کە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆ کە هێز دەداتە دامەزراوەکان تاوەکو لەسەر بنەمای داتا، شەفافیەت و یاسا کاربکەن.