ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 9/21 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیو جیون کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێمی کوردستان.
کونسوڵی گشتیی چین، سوپاسی میوانداریی و دۆستایەتیی خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونم لە هەرێمی کوردستان لە بیر نەکراوە و کوردستان ماڵی دووەمی منە.
هەروەها باسی لە بەرنامە و چالاکییەکانیان کرد لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی لە نێوان زانکۆکانی چین و هەرێم و برەودان بە پیشەسازیی ئوتۆمنێلی چینی و کارکردن بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و چین، سوپاسی کونسوڵی گشتیی چینی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوویدا بۆ خواست.