بەغدا-KDP.info- بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و، تێیدا جەخت لەسەر ناردنی دادپەروەرانەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ بۆ پەرلەمان کرا بە جۆرێک شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، ھاوکات ھاوڕا بوون لەسەر کاراکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و خێراکردنی پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٦/٩/١٩، لە کۆشکی حکوومی لە بەغدا، شاندێکی ناوەندی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار زێباری و ئەندامیەتی ھەر یەکە لە موحسین سەعدون، نازەنین مەندەلاوی و ماجید شنگالی، لەگەڵ عەلی فالح الزیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون و تاوتوێی ژمارەیەک پرسی ھاوبەش کرا، لەوانە پشتیوانیی پارتە سیاسییەکان بۆ حکوومەت، کاری ھاوبەش بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری، و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ھاوسەنگانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە جۆرێک کە شایستە داراییە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، وێڕای دەستەبەرکردنی شایستەی پێکھاتەکانی عێراق، بەتایبەتی پێکھاتەی مەسیحی، لە کابینەی وەزاریدا بەپێی قەبارە و وەزنی ھەڵبژاردنیان.
ھەروەھا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی دووقۆڵیی پەیوەست بە کاراکردنی ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوان پارتی و سەرکردایەتیی چوارچێوەی ھەماھەنگی کرا، لەگەڵ ناردنی ئەو یاسایانەی لەلایەن حکوومەتەوە ئامادەکراون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، لەوانەش، یاسای نەوت و غاز، یاسای دادگای فیدراڵی، و یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادی، بە ئامانجی بەشداریکردن لە تەواوکردنی بونیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیی بەردەوام لە نێوانیاندا، و درێژەدان بە دیالۆگ سەبارەت بە پرس و کێشە جیاوازەکان بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و سەرخستنی بەرنامەی حکوومەت.
