هەولێر-KDP.info- لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای جەختکردنەوە لە بەرزڕاگرتنی زمانی کوردی و ڕۆڵی مامۆستایان لە چاندنی هەستی نیشتمانپەروەری، چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە پەراوێزخستنی هەرێم لەلایەن بەغداوە، پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە شنگال و گرنگیی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خستەڕوو.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە قوتابخانەی (گڵۆباڵ) لە شاری هەولێر، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی لێدا.
دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر پرسی خوێندن بە زمانی کوردی، بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی قوتابخانەکانی عێراق، پرسی چەکدانان لە شنگال و پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
دەقی وەڵامەکانی سەرۆکی حکوومەت و پرسیاری پەیامنێران:
پەیامنێر: گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو چییە؟
- سەرۆکی حکوومەت: خوێندن بەشێوەیەکی گشتی گرنگە بۆ نەوەی نوێ، بۆ هەموو کەسێک، بەڵام بێگومان خوێندن بە زمانی شیرینی کوردی، بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە، چونکە زمانی ئێمە پێناسەی نەتەوەیی ئێمەیە، پێناسەی نیشتمانی ئێمەیە، دەمانەوێت ئەو زمانە پەرەی پێ بدەین، جگە لەوەی خوێندن لە هەموو ئاستەکان پێویستە، بەڵام زۆر حەزدەکەم و پێشمخۆشە، هەم مامۆستاکان، وەزارەت، هەموو لایەک پەرە بە خوێندنی زمانی شیرینی کوردی بدەن. بێگومان کەرکووک بۆ ئێمە دڵی کوردستانە و کوردستانیەتی کەرکووکیش لە پێناسەکەیەتی، بۆیە هیوادارم کە زمانی کوردی لە هەموو ئەو شوێنانەی کە کوردی لێیە، پەرەی پێ بدرێت.
پەیامنێر: جگە لە پەروەردە و فێرکردن، تا چەند گرنگە مامۆستایان قوتابییەکانیان فێرە نیشتمانپەروەریی بکەن؟ لەمبارەوە چ پەیامێکت هەیە بۆ مامۆستایان؟
سەرۆکی حکوومەت: خوێندن خۆی فێرکردن و پەروەردەکردنە. واتە قوتابی دێتە ئێرە و وانا دەخوێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا مامۆستا ئەرکییەتی کە قوتابی فێری پەروەردەیەکی جوان بکات. یەکێک لەو شتانەی کە باسیشم کرد، بابەتی نیشتمانپەروەرییە. ئێمە بەو نیشتمانەوە جوانین، تاکو ئێمە بتوانین زیاتر نیشتمانی خۆمان خۆشبوێت و زیاتر دەتوانین سەرکەوتووبین. و یەکەمین وانەش بۆ قوتابی، مامۆستایە. مامۆستا بە کرداری خۆی دەتوانێت قوتابی وا فێربکات کە زیاتر نیشتمانی خۆی خۆشبوێت.
پەیامنێر: پلان و پەیامی حکوومەت بۆ قوتابییە نوێیەکانی پۆلی یەکی سەرەتایی چییە؟ وڵاتی چین بڕیاریداوە هەزار قوتابخانە بۆ عێراق دروست بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیە بێبەش کراوە، هەڵوێستان چییە؟
- سەرۆکی حکوومەت: زۆر بەداخەوە، ئێمە زۆر داوامان کردووە بۆ ئەوەی کە حکوومەتی فیدراڵی لە هەموو ئاستێک بتوانێت بەشی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام لە کەرتی خوێندنیش وەکو زۆربەی کەرتەکانی تر ئەو بەشەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، وەکو پێویست یان بڵێم هەر هاوکارییان نەکردووین، بەڵام ئەمە وای نەکردووە ئێمە بەردەوام نەبین. هەم حکوومەت، هەم کەرتی تایبەت، هەم بەخشەرە بەڕێزەکان هاوکارییان کردووین، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەم قوتابخانەی باشتر دروست بکەین، هەم ناوەڕۆکی خوێندن لە ئاستێکی بەرزتر ساڵ بە ساڵ بۆ ئاستێکی بەرزتر بەرزی بکەینەوە. ئەمەش بەڕاستی خەڵکێک خۆی ماندوو دەکات. لە ئاستی وەزارەتی پەروەردە، بەڕێز جەنابی وەزیر خۆی، هەموو ستاف و مامۆستاکان دەورێکی گرنگیان هەیە، لەوەی ئاستی خوێندن لە کوردستان ساڵ بە ساڵ بەرەو ئاستێکی بەرزتر بڕوات، ئەوەی ئێمە پێمان خۆشە حەزدەکەین باشترین قوتابخانە بە هەموو پێداویستییەکان، بۆ قوتابییەکان دابینبکرێت. بابەتی هاتوچۆیانە، بابەتی سەلامەتییانە، ئەرکی حکوومەتە. ئەوەی لەسەرشانی ئێمەبێت، لە توانای ئێمەدا بێت، بە زیادیشەوە دەیکەین.
پەیامنێر: بڕیاری چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان دەڤەری شنگالیش دەگرێتەوە؟
- سەرۆکی حکوومەت: خۆی یاسا پێویستە لە هەموو وڵات سەروەر بێت و، هەر شوێنێک چەکی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت و شەرعییەت هەبێت، دەبێت ئەو چەکە بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت. ئیتر لە هەر شوێنێک بێت.
پەیامنێر: پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بە کوێ گەیشتووە و کەی پەرلەمان کارا دەکرێتەوە؟
- سەرۆکی حکوومەت: ئێمە هەوڵدەدەین، خەریکین، ئیتر لەسەر لایەنەکانی دیکە دەمێنێتەوە. ئەم پرسیارە زۆر کراوە، ئامادەیی ئێمە لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردن هەبووە، تا ئێستاش ئەو ئامادەییەمان هەیە. دەمانەوێت حکوومەت لە کاتێکی زوودا پێکبێت، بەڵام پێش هەموو شتێک، پێویستە پەرلەمانتارە بەڕێزەکان کە نوێنەری خەڵکن، بایکۆتی پەرلەمان بشکێنن و بێنەوە پەرلەمان، ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەجێبهێنن، چونکە دەبێت پەرلەمان هەبێت تا حکوومەت پێکبێت. بۆیە یەکەم هەنگاو دەبێت دانیشتنی پەرلەمان بێت.
پەیامنێر: لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؟
- سەرۆکی حکوومەت: حەزدەکەم ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەو لایەنانە بکەن کە نایەنە پەرلەمان. ئێمە ئامادەین، پەرلەمانتارەکانی ئێمەش ئامادەن.