هەولێر-KDP.info- لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانەکانی هەولێر ئاشکرای کرد کە پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی ستراتیژیی سپیلک - قەندیل دەکەوێتە بوار و قۆناغی جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەکە لە ڕێگەی دیزاینێکی سەردەمیانەوە ئاستەنگی پێچەکانی سپیلک چارەسەر دەکات و وەک شادەماری بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازە سنورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت.
هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانەکانی هەولێر لە لێدوانەکەیدا بۆ (KDP.info) وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی خستەڕوو و گوتی، "لەدوای تەواوبوونی تونێل و ڕێگەی میڕاوە و ماوەران، پرۆسەی پەرەپێدانی شەقامی (هەولێر - قەندیل) بەردەوام دەبێت و چەندین قۆناغی دیکەی بەدوا دادێت، چونکە پڕۆژەکە شادەماری ڕێگەوبانە لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەستێتەوە."
زیاتریشی گوتی، "یەکێک لە بڕگەکانی پڕۆژەکە بەدووسایدکردنی پێچەکانی سپیلکە، لەکاتێکی گونجاودا بە دیزاینێکی سەردەمیانە کێشەی پێچەکانی سپیلک چارەسەر دەکرێت. بە تەواوکردنی هەر قۆناغێک کێشەی کەرتی هاتوچۆ ئاسانتر دەبێت و دڵنیاین ساڵی داهاتوو بە تەواوکردنی قۆناغی نوێ، گەشەپێدانی ڕێگەکە دەچێتە قۆناغێکی سەردەمیانە و گەشتی هاووڵاتییان ئاسانتر دەکات."
قائید میرۆ