هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاگەیاند، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری هەرێم، تەرخان دەکرێت بۆ گرنگیی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ڕۆڵی مامۆستایان، دایکوباوک و قوتابیان.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 20ـی ئەیلوول وەزری نوێی خوێندن لە نێو قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە، بۆیە ناوەڕۆکی گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی بەدەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی، ''خوێندن و پەروەردە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگی پێدراوە و مامۆستایانی ئایینی ئەمڕۆ جەخت لە ڕۆڵی مامۆستا دەکەنەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا، ئەرک و ڕۆڵیان چەند گەورەیە لە فێرکردنی زانست و پەروەردەکردنی تاکێکی کاریگەر و تەندروست بۆ کۆمەڵگە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گرنگی دایک و باوک لە بەخێوکردنی منداڵ و پەروەردەکردن و ماندووبوونی لەگەڵ منداڵەکەی لە سەرما و گەرما و هەربۆیە لە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد(د.خ) باس لە ڕۆڵ و پێگەی دایک و باوک کراوە.
ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەیینی باس لەوە دەکات، خاڵێکی دیکە، مامۆستایانی ئایینی جەختی لێ دەکەنەوە ڕۆڵی قوتابی خۆیەتی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و ڕێزگرتن لە مامۆستاکانیان، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت خوێندن و پەروەردەکردن هەردووکی بەیەکەوە بێت و تەواوکەری یەکتربن.