ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی ھاوخەمی بۆ کۆچی دوایی کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی کوردستان بڵاوکردەوە و بە "سیاسەتمەدارێکی نیشتیمانپەروەر" ناوی دەبات.
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
بۆ کۆچی دواییی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری دیاری کوردستان، سکرتێری پێشووتری حزبی شیووعیی کوردستان و وەزیری پێشووتری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خوالێخۆشبوو د. کەمال شاکر، سەرەخۆشیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان، سەرکردایەتی و ئەندامانی حزبی شیووعیی کوردستان و سەرجەم ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی دەکەم، ھاوخەمیانم.
خوالێخۆشبوو د. کەمال شاکر تەمەنێکی درێژی لەپێناو ئازادی و خەباتی نیشتمانی و دیموکراسیدا بەسەر برد. وەک پێشمەرگە، سەرکردە و وەزیر لە یەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵێکی دیار و دڵسۆزانەی گێڕا و بە ھەڵوێست و کەسایەتیی لەسەرخۆی؛ ھەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینی ھەمووان بوو.
لە خوای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٩/١٧