Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 18 SEP 2026 10:47 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی: عێراقێکی بەهێز، پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە
| KDP.info


دھۆک-KDP.info- مەسروور بارزانی لە ئاھەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دھۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە عێراقێکی بەھێز پێویستی بە کوردستانێکی بەھێزە؛ ئاماژەشیدا زیاتر لە ھەزار مووشەک و درۆن ئاراستەی ژێرخانی ھەرێم کراون بەڵام خۆڕاگر بوون، و پابەندبوونی حکوومەتی بۆ پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا دووپات کردەوە؛ باسی لەوەش کرد، کاتێک جەنگی ھورمز دەستیپێکرد ھاوکاری ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بوونە.

سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی گوتارەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، سوپاسی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ ئەرک کێشان و ماندووبوونیان لە پاراستنی ئاسایش وسەقامگیریی ھەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکوومەت ھەروەھا گوتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدەکانمان دادەنوێنین.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە زانکۆی ئەمەریکی و خوێندن بەگشتی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان .

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە:

بەڕێز، کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

بەڕێز، کاک موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی ئەساس

بەڕێز پارتریاک مار پۆلسی سێیەم نۆنا سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیھان

پەرلەمانتارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان

وەزیرە بەڕێزەکان

میوانانی ھێژا،

ئەندامانی بەڕێزی دەستەی ئەمینداران

بەرێز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان

بەرێزان، جێگرانی سەرۆکی زانکۆ

ئەندامان و ستافی فاکەڵتی

دایکان و باوکان و خێزانە بەڕێزەکان

دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٦

ئێوارەتان باش

دەرچووانی خۆشەویست، بەر لەوەی دەست  بە قسەکانم بکەم، ئاوڕێک بدەنەوەو  بڕواننە ئەو کەسانەی لە پشتتانەوەن؛ دایک و باوک، خوشک و براکانتان، مامۆستایان و ھاوڕێیانێک کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە، ئەمشەو، شەوی ئەوانیشە، بۆیە چەپڵەیەکی گەرمیان بۆ لێبدەن.

ئێستاش بڕواننە تەنیشت خۆتان، ئەمشەو بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشینە ١٢٢ دەرچوو، ١١٧ کەس لە ئێوە دێنە سەر ئەم سەکۆیە. بەشێکتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاتوون، ھەندێکتان لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان، ھەندێکیشتان لە دەرەوەی عێراقەوە. لە شاری جیاواز و بڕوا و زمانی جیاوازەوە لەسەر یەک مێز کۆبوونەتەوە، سەرباری چیرۆکی جیاوازی ھەر یەکێکتان، بەڵام  ئێوە لێرەن وەک یەک پۆل، یەک سەکۆ و یەک ئاییندە، ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەم زانکۆیە رێک بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.

وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆ و وەک سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە بەردەمتاندا وەستاوم، بەڵام ئەمشەو وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە بڕوای پێتانە. ١٢ ساڵ پێش ئێستا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان خەونێک بوو، ئەمشەو ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەونەکە شایستەی ئەوە بوو بۆی تێبکۆشین.

دەرچوونی ئێوە لە ساتەوەختێکی گرنگدایە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێیناوەتە قۆناخێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییەوە، عێراق لە جەرگەی ئەو ھاوکێشەیەدایە و ڕووبەڕووی ھەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، لێرە لە کوردستان، زوو ھەستمان بەو مەترسییانە کرد و بە خێرایی لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە بەغدا کەوتینە جووڵە، ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران بەرێز عەلی زەیدی، ھەوڵە ھاوبەشەکانمان پایەی عێراقێکی نوێی دامەزراندووە، حکوومەتێک کە بڕیارمان داوە بە تەواوی و چالاکانە پاڵپشتی بکەین، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە.

پاڵپشتیی ئێمە تەنیا قسە نییە، چونکە کاتێک سەرھەڵدانی جەنگ لە گەرووی ھورمزدا ناوچەکەی شڵەژاند، ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ بەشداریکردن لە ھەناردەکردنی نەوتی عێراق. کاتێک ھاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، پێویستیان بە کارەبا بوو، ئێمە بۆمان دابین کردن، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ھەرێمی کوردستان خۆیشی پێویستی بە کارەبا بوو. ھاوبەشی بەم شێوەیەیە، بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە کرداردا بەم شێوەیەیە، چونکە ئێمە تێدەگەین کە دامەزراوەی بەھێز بۆ ھاووڵاتیی ئاسایی واتای چییە، واتا دادپەروەری، سەقامگیری و ئایندەیەک کە لەسەر بەھرە بنیات نرابێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیی و بەرژەوەندی.

ئەم کارانەمان لە کاتێکدا کردووە، لە ژێر ھێرشدا بووین، ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ھەڵمەتێکی چڕی تیرۆریستی بووەوە، زیاتر لە ھەزار درۆن و موووشەک ئاڕاستەی ژێرخان، ئابووری و پێشکەوتنی ئێمە کران، ئامانجیان ئەوە بوو کوردستان لە پێشکەوتن بخەن، بەڵام شکستیان ھێنا، ئێمە خۆڕاگر بووین وئاراممان گرت. لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە بەغدا لە پێناو ھەموو عێراق لە کارکردن بەردەوام بووین. ئێمە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە و لەگەڵ ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانماندا، داعشمان تێکشکاند. ئێستاش بە ھەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەم ھەڕەشەیە دەبینەوە و تێکیدەشکێنین.

دەمەوێت ئەم راستییەتان لەیاد بێت: عێراقێکی بەھێز، پێویستی بە کوردستانێکی بەھێز ھەیە؛ کوردستانێکی بەھێز ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ئەم ناوچەیە دەھێنێت. کوردستانێکی بەھێزیش پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەم راستییە بنەمای ڕێنمایی و ڕاسپاردی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییە و بەھەمان شێوە، بنەمای ڕێبەری نیشتمانی و باوکی دامەزرێنەر مستەفا بارزانی بوو، کە ناوەکەی لەسەر باڵەخانەی دامەزراندنی ئەم کەمپەسە ھەڵکۆڵراوە و ئەو بنەمایەشە کە ئێمە رۆژانە کاری پێدەکەین.

ئێمە پێشڕەوی ناوچەکەین لە کولتووری دابەشکردنی دەسەڵات، ھاوبەشیمان ھەڵبژارد لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باڵادەستییان ھەڵبژارد، لە داکۆکیکردن لەم بنەمایە بەردەوام دەبین، لە ھەولێر، لە بەغدا و لە ھەر شوێنێک کە دەنگمان بگاتێ.

ئێوە چوار ساڵتان لە ژێر سایەی ئەو بنەمایە بەڕێ کرد، لە ھەر پڕۆژەیەکی بەکۆمەڵدا لەگەڵ ھاوپۆلێکتان لە شارێکی دیکە، لە ھەر شەوێکی درەنگوەخت لە کتێبخانەدا لە پاڵ کەسێکدا کە چیرۆکەکەی لەوەی تۆ جیایە.

ئێوە بەڵگەی زیندوون کە ئەم ئەزموونە سەردەکەوێت.

ئێستاش با باسێکی ئەم زانکۆیەتان بۆ بکەم کە ئێوە جێی دەھێڵن و دەمەوێ پێتان بڵێم کە ئەم زانکۆیە بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت.

زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بەھۆی لێھاتوویی ئەکادیمییەوە، دانپێدانانی بەدەست ھێناوە، یەکەم زانکۆیە لە عێراقدا کە پێگەی بەربژێریی لەلایەن دەستەی دانپێدانانی دامەزراوەیی ئەمەریکاوە پێدراوە، یەکەم زانکۆی عێراقیشە دانپێدانانی ئەمریکای لە پڕۆگرامی پەرستاری بەدەستھێناوە.

ھەڵسەنگاندن و خەملاندنی ورد کە ئێمە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکاری و ئامرازی پێشکەوتوو، زانکۆیەک کە بە سیستەمەوە بەڕێوە دەچێت نەک  تەنیا بە کەسەکان، زانکۆیەکی، بەدامەزراوەیکراوە و بۆ مانەوە بنیاتنراوە، ئەم دەستکەوتانە بە یەک دەیە بەدیھاتوون و شانازیان پێوە دەکەم.

بەڵام ھەر بەمە ناوەستین، چونکە باشبوون لە شتێکدا، بە واتای دروستکردنی کاریگەریی ویستراو نایەت،  بۆیە ئەرکمان لە دەیەی داھاتوو ئەمەیە: لە نایابییەوە بۆ کاریگەریی بڕۆین، بۆیە چیتر ستانداردەکانی خۆمان ناکەینە پێوەری ھەڵسەنگاندن، بەڵکو دەستکەوتەکانمان بەو جیاوازییە دەپێوین کە لە خۆشگوزەرانیی  و بەھێزکردنی دامەزراوەکان و ژیانی گەلانی دروستی دەکەین.

زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان دەبێتە نموونە، وەک چۆن ئێستا بۆ گەلێک دەستپێشخەریی دیکە نموویە. تا ساڵی ٢٠٣٥، ڕوانینمان سادە و ئازایانەیە: زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان لە دھۆک دەبێتە بژاردەی  یەکەمی قوتابییان.

ئەم کاریگەرییە لێرەوە دەستپێدەکات، ئەمڕۆ، بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانم کردەوە، کە یەکەم باڵەخانەیە لە تەواوی عێراقدا بڕوانامەی زێڕینی LEED بەدەست بھێنێت، ئەوانەی دەزانن بۆ بەدەستھێنانی LEED Gold  دەبێت چی بکرێت، لە گەورەیی ئەم دەستکەوتە تێدەگەن، چونکە پێوەرکان توانایی وزە، دەسگیرۆیی ئاو، جۆری کەرەستەکان و تەنانەت تەندروستیی نیشتەجێبووان و ئەوانەی لە باڵەخانەکەدا کار دەکەن دەگرێتەوە. ئەم باڵەخانەیە، بە بەرزترین ستانداری نێودەوڵەتی، لێرە لە دھۆک بنیاتنراوە و دەبێتە نموونە بۆ تەواوی وڵات، وەک سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و سەرۆک وەزیران، پابەندم بە پاراستنی ژینگە و دەمەوێت دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بنیاتنەری ئەم رەوتە بن.

دەرچووانی ئازیز، با ڕاشکاو بم لەگەڵتان، خواست وئەرکمان بۆ کوردستان مەزن و بەرزە، بۆ زانکۆی ئەمریکیی کوردستانیش بەھەمان شێوە. ئاستەنگی سەختمان لە بەردەمە، ھیچ کەسێک ئەم ئایندەیەمان پێ نابەخشێت، دەبێت خۆمان بە پابەندی و خۆڕاگرییەوە بنیاتی بنێین، بەڵام دەزانم ئێوە ھەم پابەندن ھەم خۆڕاگرن و بە ڕێکەوت نەگەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بەڵکوو بە تێکۆشان و بە ھەوڵدانتان ، ئەمە لە کاتێکدا کۆڵدان ئاسانتر بوو.

ئێستا کوردستان رێک پێویستی بەمەیە، کاتێک کوردستان گەشە دەکات، ئەوکاتە عێراقیش گەشە دەکات، کاتێک عێراق گەشە دەکات، کوردستانیش گەشە دەکات، ئێمە دوو ئاییندەمان نییە، بەڵکوو یەکمان ھەیە، ئێوەش بنیاتنەری ئەو ئاییدەیەن.

ئەوەی لێتان دەخوازم ئەمەیە: پابەندی بەرزترین بەھا ئەخلاقییەکان بن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە کەس چاودێریتان ناکات. لە ھەر شوێنێکی جیھان بن، نیشتمان و ناسنامەی خۆتان لەیاد بێت، وەفادار بن بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی وەبەرھێنانی تێدا کردوون، بیرتان بێت، بەر لەوەی خۆتان درکی پێ بکەن، کەسانێک متمانەیان بە ئێوە ھەبوو، ڕێز و خۆشەویستیتان بۆ ئەم خاک و ھەسارەیە ھەبێت، بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری، و یەکسانی بەرجەستە بکەن، سەرەتا لە ژیانی خۆتان پاشان لەو کۆمەڵگەیەی بنیاتی دەنێن.

بۆ ئەوەی سەرکردایەتی وپێشڕەوایەتی بکەن چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس مەکەن .، چاوەڕمەکەن کەسێک شتێک چاکبکاتەوە کە بە ئێوە چاک دەکرێتەوە، ڕێگە بە ھیچ کەسێک مەدەن؛ گومان لە تواناکانتان دەکەن، یان ئەوانەی ڕەشبینن، تەنانەت ڕێگە بە ترسی ناو ناخی خۆشتان مەدەن پێتان بڵێت ئەم ناوچەیە پێشناکەوێت. بەڵکوو دەتوانێت و پێشدەکەوێت، پێشکەوتنیشی لەسەر دەستی کەسانی وەک ئێوە دەبێت.

ئێوە ھاتنە ئێرە بۆ ئەوەی فێربن، ئێستا کە ئێرە جێدەھێڵن بە جیھانی پێشان دەدەن کە دەتوانن چی بکەن.

پیرۆزە لە دەرچووانی ٢٠٢٦

سەرکەوتووبن و ھیوادارم جێگەی شانازیمان بن.




دوایین هەواڵەکان

​د. ھێمن ھەورامی سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و بەشداربووانی پرسەی دایکی دەکات

FRIDAY, 18 SEPTEMBER 2026 00:09:00

هەولێر-KDP.info- لە پەیامێکدا، د. ھێمن ھەورامی بەناوی خۆیی و تەواوی خانەوادەکەیەوە، سوپاسی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت، سەرکردایەتی سیاسی و حزبی، بەرپرسان، لایەنە ئایینی و سیاسییەکان و سەرجەم ئەو کەسایەتی و بەڕێزانە دەکات کە لە کۆچی دوایی دایکی ئازیزیاندا (شەوبۆ عبداللە حمەامین ھەورامی) بەشداری پرسە و سەرەخۆشییان کردوون و لە خەمیان کەمکردوونەتەوە.

مەسروور بارزانی و موحسین مەندەلاوی دۆخی گشتیی عێراقیان تاوتوێ کرد

THURSDAY, 17 SEPTEMBER 2026 22:09:00

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی و شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد؛ لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى د. كه‌مال شاكر ده‌كات

THURSDAY, 17 SEPTEMBER 2026 21:09:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی ھاوخەمی بۆ کۆچی دوایی کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی کوردستان بڵاوکردەوە و بە "سیاسەتمەدارێکی نیشتیمانپەروەر" ناوی دەبات.

 
نێچیرڤان بارزانی: دەستکەوتی زۆر بەدەستهاتوون و شانازییان پێوە دەکەین

THURSDAY, 17 SEPTEMBER 2026 19:09:35

دھۆک-KDP. info-  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی گەنجان لە داهاتووی وڵاتدا و جەختی لەوە کردەوە، وڵاتی پێشکەوتوو لە هەڵەکانی راناکات، بەڵکو گفتوگۆیان لەسەر دەکات و چارەسەریان دۆزێتەوە.

مەسروور بارزانی، بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەکاتەوە

THURSDAY, 17 SEPTEMBER 2026 17:09:28

دھۆک-KDP. info-  ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە شاری دھۆک،  بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان دەکاتەوە.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact