ھەولێر-KDP.info- کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھەولێری پایتەخت بەردەوامە و لە ئێستادا لە ٧٠%ـی تەواو بووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھەولێری پایتەخت بەردەوامە و لە ئێستادا لە ٧٠%ـی تەواو بووە. هاوکات نەخۆشخانەکە لە ١٥٠ تەختی خەواندن و ١٠٠ تەختی چارەسەری کیمیایی پێک دێت و تاقیگەیەکی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت، سەرجەم ئامێرە پێشکەوتووەکانی چارەسەری نەخۆشییەکە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری ٣٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و لە پێنج نھۆم پێک دێت، بەوەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان و عێراق.
بە تەوابوونی ئەو پڕۆژەیە پێشکەوتووتری تەکنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسکان، پێتسکان، چارەسەری تیشک، چاندنی مۆخی ئێسک، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەکنەلۆجیای دیکە لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن.
جێگەی باسە، لە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیەی دانا و، لە ڕێوڕەسمەکەشدا ڕایگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمدا خزمەتی کەرتی تەندروستیمان کردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە، دەبێ ھاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەکان ھەست بە ئاسوودەیی و ھەبوونی خزمەت بکەن".
