ڕواندز-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری، ماستەرپلانی هەمەلایەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چووەتە بوار و قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز ڕایگەیاند کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، کارکردن لەسەر ماستەرپلانی گەشتیاریی ناوچەکە دەستی پێکردووە. ئەم ماستەرپلانە لە قۆناغی یەکەمدا چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، لەوانە دروستکردنی تەلەفریک بە درێژایی چەندین کیلومەتر لە گەلیی عەلی بەگ، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ بە بڵندترین ستانداردە جیهانی و مۆدێرنەکان، کە لە قۆناغەکانی دواتریشدا سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی سنوورەکە دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دەستپێشخەرییانە جگە لە بەخشینی سیمایەکی سەرنجڕاکێشتر بە سروشتی پڕ لە ئەفسوونی ڕواندز، ڕێژەی گەشتیاران زیاتر دەکەن و دەبنە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە. ناووبراو ڕوونیشی کردەوە کە ڕواندز بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سروشتە دڵڕفێنەکەیەوە ساڵانە پێشوازی لە سەدان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی، عێراقی و بیانی دەکات.

ئێستا لە سنووری قەزای ڕواندز زیاتر لە ٢٠٠ بنکەی گەشتیاری چالاك هەن، کە ١٠ ناوچەی سەرەکیی وەک (بێخاڵ، کۆڕەک تەلەفریک، شنگلبانە، جندیان، وەرتێ، دۆڵی ئاکۆیان، و بەرسرین) لەخۆدەگرێت. هاوکات بوونی سەدان خانوو و کەپری گەشتیاری ڕاستەوخۆ بووەتە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ سەدان و هەزاران گەنج و دانیشتووی دەڤەرەکە.
لە کۆتاییدا، پارێز یوسف هیوای خواست سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان بە شێوازێکی مۆدێرن نۆژەن بکرێنەوە و جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ماستەرپلانە سەردەمییە، ناوچەکە دەباتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووی گەشتیاری.
محەمەد حاجی