هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆ دەبێتەوە و دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا، سەرژمێری و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن تاوتوێ دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-9-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، سێ پرسی سەرەکی و گرنگ کە پەیوەستن بە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا لەبارەی بودجە، سەرژمێریی گشتی و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، تاوتوێ دەکرێن.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆ فەرمییەکانی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی دەخاتەڕوو، کە ئامانج لێیان چڕکردنەوەی هەنگاوەکانە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027 و مسۆگەرکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم لە خشتەکانی بودجەدا.
هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، پرسی کاریگەریی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی لەسەر دیاریکردنی ڕێژەی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەرباس. لەمبارەیەوە، وەزیری پلاندانان نووسراو و بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقی سەبارەت بە پەسەندکردنی سەرژمێریی گشتیی 2024 دەخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو ئەنجامانە لەسەر شایستەکانی هەرێم هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کارنامەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 تاوتوێ دەکرێت، کە ئەم بابەتەش بە هاوبەشی لەلایەن وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتەڕوو.