هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە ڕایگەیاند، لەمەودوا ڕێکارەکانی کوژاندنەوە و قەرەبووکردنەوەی جووتیاران خێراتر دەکرێن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک بڕیار و ڕاسپاردە لەبارەی پرۆسەکەوە دەردەکرێن.
د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، هەر زەوییەکی کشتوکاڵی بەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری یان هەر پڕۆژەیەکی دیکەی گشتی بکەوێت، ئەو جووتیارانەی گرێبەستیان هەیە، یان خاوەنی گرێبەستی هەمیشەیی و تاپۆی زەوییەکەن، بەپێی یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە. لە کاتی کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵیشدا، هەر جووتیارێک گلەیی لە قەرەبووکردنەوەکە هەبێت، دەتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات و لە ڕێگەی دادگاوە داوای پێداچوونەوە بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە گوتیشی، ''لە هەرێمی کوردستان بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گشتی، زۆر جار پەنا بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەویی کشتوکاڵی دەبردرێت، لە ساڵانی ڕابردووشدا بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون، ڕووبەرێکی بەرچاوی زەوی کوژاوەتەوە و خاوەنەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە.
د. لوقمان عومەر ڕوونیشی کردەوە، ''ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر کۆبووینەوە و تاوتوێی ئەو گرفتانەمان کرد کە دێنە بەرپێی پڕۆژەی کوژاندنەوەی زەوی. بڕیاریشە ڕێکارەکانی کوژاندنەوە و قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان خێراتر ببن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە لەو بارەیەوە دەردەکرێن، هەنگاوەکانمان دەبنە هۆی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا.
قائید میرۆ