دهۆك -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی دهۆك ده‌ڵێ "ئه‌مساڵیش كچ و كوڕی شه‌هیدان تۆمار ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر بچنه زانكۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كان كرێی خوێندنیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت."
ژیان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی دهۆك به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئێمه له سه‌ره‌تای وه‌رزی خوێندنی ئه‌مساڵین و خه‌ریكی تۆماركردنی ناوی كچ و كوڕی شه‌هیدانین، چونكه به‌پێی یاسا و بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وارسی كرێی خوێندنی كچ و كوڕی شه‌هیدانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌ته‌وه و كرێی خوێندنیان له زانكۆ و قوتابخانه ئه‌هلیه‌كان ئێمه خه‌رجی ده‌كه‌ین."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شه‌هیدانی دهۆك گوتیشی "له سنووری پارێزگای دهۆك هه‌زار و سێسه‌د كوڕ و كچی شه‌هید بێ به‌رامبه‌ر له زانكۆ و قوتابخانه ئه‌هلیه‌كان درێژه به پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ده‌ن و حكوومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی خوێندنیان بۆ خه‌رج ده‌كات."
ژیان مسته‌فا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئه‌مساڵیش پرۆسه‌ی تۆماركردنی ناوی كچ و كوڕی شه‌هیدان به‌رده‌وامه، هه‌ر منداڵە شه‌هیدێک بچێته خوێندنی ئه‌هلی، دوای بڕینی ڕێكاره كارگێڕییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی شه‌هیدان، ئاسانكاری بۆ ده‌كرێت و كرێی خوێندنی بۆ خه‌رج ده‌كرێت، چونكه سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشکەشکردنی باشترین خزمه‌تە به كه‌س و كاری شه‌هیدان."
قائید میرۆ