هەولێر-KDP.info- دروستکردنی بەشە ناوخۆییەکی نوێی کوڕان لە شاری هەولێر بۆ زانکۆی سەڵاحەدین گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە لە توانایدایە ١٨٠٠ قوتابی لەخۆ بگرێت. بە ڕاکێشانی هێڵی کارەبا و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، ناوەندەکە بە تەواوەتی بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە و گرفتەکانی کەمیی شوێن لە بەشە ناوخۆییەکان چارەسەر دەکات.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشە ناوخۆییەکی مۆدێرنی لە شاری هەولێر بۆ زانکۆی سەڵاحەدین دروست کردووە کە تایبەتە بە کوڕان. لە ئێستادا کارە بونیادنانییەکانی بە تەواوەتی کۆتاییان پێهاتووە و تەنها ڕاکێشانی هێڵی کارەبای ماوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بکەوێتە خزمهت قوتابیانەوە.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین سەبارەت بە بودجەی پێویست بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیی بەردەوامداین بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست کە بڕەکەی (ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار)ە. ئەم بڕە بۆ تەواوکردنی ڕاکێشانی هێڵی کارەبا و کارە کۆتاییەکان بەکار دێت، بەمەش دەستبەجێ پرۆژەکە ئامادە دەبێت و بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم