هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 9/13، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای پیرۆزیایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هەموو پشتیوانییەکی بۆ دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کردەوە.
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشت کەرتەکاندا تاووتوێ کرا. کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، پیرۆزباییی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرکەوتنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی لە سەرۆکی حکوومەت کرد.