د. محەمەد خورشید
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستاندا وەرچەرخانێکی ستراتیژی و وێستگەیەکی پڕ لە دەستکەوتی نەتەوەیی بوو.
یەکێک لە دیارترین ئامانجە بەدیهاتووەکانی ئەم شۆڕشە، کۆکردنەوەی تەواوی خەباتی ڕەوای کورد و کوردستانیان بوو لەژێر ڕابەرایەتی و سەرکردایەتییەکی یەکدەست و بەهێزدا لە باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەشدا، کە ئەویش جەنابی بارزانیی نەمر بوو.
ئەم شۆڕشە توانی خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان لە چوارچێوەیەکی ناوچەییی بەرتەسک دەربێنێت و بپەڕێنێتەوە بۆ خەباتێکی سەرانسەری لە زاخۆوە تا خانەقین. لەم کاروانەدا سەرجەم نەتەوە، ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانی کوردستان بەشدارییان کرد و کاریگەرییەکەشی پەلی کێشا بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا، بەمەش ڕەهەندێکی گشتگیر و سەرتاسەریی وەرگرت.
لە ئاستی ناوخۆییدا، شۆڕشی ئەیلوول توانی ئیرادەی بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان ببووژێنێتەوە کە دوای نسکۆی شۆڕشەکانی پێشوو تووشی لاوازی بوبوو. هاوکات، شۆڕش بە سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕژێمە لەدوایەکەکانی عێراقدا، بەردەوام هەوڵی دەدا مافەکانی کورد بەیاسایی بکات، ترۆپکی ئەم هەوڵانەش لە بەیاننامەی مێژوویی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا ڕەنگی دایەوە کە تا ئێستاش بە دەستکەوتێکی گرنگی نەتەوەیی دەژمێردڕێت.
سەرەڕای بەردەوامی لە خەباتی چەکداری بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی تەعریب و لەناوبردن، شۆڕشی ئەیلوول پەیامی ئاشتیخوازی و پاراستنی ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی نیشانی جیهان دا. لە هەمان کاتدا بارزانیی نەمر توانی لە قۆناغێکی داخراوی قەتیسکراودا گەمارۆی سیاسی بشکێنێت و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت.
لە کۆتاییدا، دیارترین ڕەهەندی شۆڕشەکە نیشاندانی وەفاداریی ڕەها بوو بۆ خاکی کوردستان، بە جۆرێک کە بارزانیی نەمر ئامادە بوو خۆی و شۆڕشەکەی بکاتە قوربانی لە پێناو پاراستنی خاکی نیشتمان و خەڵکەکەیدا، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥دا بۆ پاراستنی کەرکووک و کەرکووکییەکان هاتە ئاراوە، کە ئەمەش بەرزترین ئامانج و بەهای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی
بەرپرسی لقی ١٢ـی پ.د.ک.