دکتۆر عرفان عەزیز
شۆڕشی ئەیلوول مێژوویەکی ئاسایی نەبوو، خاڵی وەرچەرخان بوو لە بیرکردنەوەی تاکی کورددا، بەتایبەت لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ گەلی کوردستان بڕیاری دا مێژوویەکی نوێ لە قۆناغی بزاڤی رزگاریخوازی کورددا تۆمار بکات.
گرنگیی ئەم ڕۆژە تەنیا مێژووی شۆڕش نییە، بەڵکو ویستی کوردی لە ژێردەستەیی و پەراوێزی سیاسییەوە گۆڕی بۆ داواکاریی گەورە لە حوکمی زاتی و پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردی. کورد بووە ھاوکێشەیەکی سیاسیی نوێ لە عێراقدا، ئەم شۆڕشە کۆی پرۆسەی حوکمڕانیی عێراقی خستە بەردەم بەرپرسیاریەتیی گەورە، بەوەی ئەگەر بەبێ مافی کورد دەتوانن دەوڵەتێکی دیموکرات و سەقامگیریان ھەبێت؟ بە ئێستاشەوە ئەو پرسیارە نەخێرە، بەڵام بەداخەوە ھێشتا عەقڵیەتێک ھەیە، دەیەوێت چارەنووسی ئەم عێراقە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بخاتە بەردەم لادان لە ڕاستییەکانەوە.
ڕابەری مەزنی شۆڕشەکە بارزانیی نەمر بوو، ھزری ئیدارەدانی شۆڕشی تەنیا نەبەستبوویەوە بە چارەسەری سەربازییەوە، بۆیە جگە لە رێگەی چەک، ھەمیشە دەرگای دیالۆگی کردبووەوە، پێی وابوو پرسی کورد گەورەترە لەوەی بەس پەنا ببرێتە بەر چەک، جیا لەوەش ئەم شۆڕشە گرێدراوی ھیچ ھاوکێشەیەکی دەرەکی نەبوو، لە ناوخۆی کوردستانەوە بڕیاری کوردانە و حەکیمانە لە پێناوی گەلی کوردستان دەدرا. ئەم شۆڕشە چونکە خەسڵەتی جەماوەر و خەڵکی ھەبوو، لەلایەن عێراق و تەواوی دراوسێکان و جیھانیشەوە جێگای سەرنج بوو.
یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو، کە لەسەر فەلسەفەی دیالۆگ و خۆبەدەستەوەنەدان رێچکەی گرتبوو، لەلایەک دەرگای گفتوگۆ کراوە بوو و لەلایەکی دیکەوە ئامادە بوو بۆ ھەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر کوردستان. ئەم شۆڕشە تەنیا ئامانجی جەنگ نەبوو، بەڵکو چەکی خستبووە خزمەتی سازشکردنی عێراق بۆ دیالۆگ، ئەمەش عێراقی ناچار کرد کە سازش بکات و مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقعدا بکات.
ڕەنگە بەشێک لەو ھەڵانەی کە زۆر جار بکرێت ئەوە بێت، کە شۆڕشی ئەیلوول لە ڕوانگەی سەربازییەوە بخوێندرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێت لەمەودوا خوێندنەوەکان بۆ شۆڕشی ئەیلوول بەرفراوانتر بکرێن، جیلی نوێ ئاشنا بکرێت لەوەی، کە شۆڕشی ئەیلوول گەوەرتر بووە لە شۆڕشی چەکداری، بەڵکو ھاوشێوەی شۆڕشی فەرەنسی لە بنەڕەتدا گۆڕانکاریی گەورە بوو لە ژیانی سیاسی و فەرھەنگی و ژیانی خەڵک و سەردەمی ھۆشیاریی نەتەوەیی بوو، لەوەی کورد بارێکی قورس نییە بەسەر عێراقەوە، بەڵکو ئەم گەلە ھەم مافی چارەنووسی ھەیە، ھەمیش دەبێت خاوەن بڕیار بێت لە عێراقدا.
دوابەدوای ئەوەش شۆڕش کاری کرد بۆ بونیادنانی دامەزراوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندن و حزبایەتی، بەداخەوە دوای ٦٥ ساڵ لە مێژووی سەرھەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول، ھێشتا لە کوردستاندا بەرەیەک ھەیە نکۆڵی دەکات لەوەی کورد داوای مافەکانی دەکات دەیەوێت نائومێدی بڵاو بکاتەوە و خۆی بچووکتر ببینێت لەوەی مافی خۆی داوا بکات و، دەبێت جیلی نوێ لەوە تێبگات کە بەرھەمی ئەمڕۆی کوردستان، بەرھەمی خوێنی شەھیدانە.
ئەیلوول وانەیەکی بەھادارە و ھێشتا دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت و وانەیەکی گرنگ بێت بۆ داھاتووش، دەبێت ئەو حزبانەی کە دوای ئەیلوولیش دروست بوون، ئەو شۆڕشە بە بناغەی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دابنێن و ناکۆکیی سیاسی نەبێتە جێگرەوەی بەھا نیشتمانییەکان.
ئێستاش کە پارتی دیموکراتی کوردستان میراتگری ئەو شۆڕشە مەزنەیە، دەستی بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان کردووە بۆ دیالۆگی ڕاستەقینە، کە بێگومان گفتوگۆ و دانوستان نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیاسەتی تێگەیشتوو و پێشکەوتوو و ئەم پەیامە بۆ ناوخۆی پارتییشە، کە پەیامەکان لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ئەیلوولدا وابگەیەنرێت، کە ئەگەر شۆڕشی ئەیلوول رۆژانێک شۆڕشی چەکداری بووبێت، ئەمڕۆ دەبێت بەرھەمی ئەو شۆڕشە ھەبوونی ئیرادە بێت بۆ خۆبەدەستەوەنەدان و بەھێزکردنی دامەزراوەی دەوڵەت.
بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەی پارتی کە پێویستە لەم ڕۆژەدا بیگەیەنێتە نەوەی نوێ، کە ئەم شۆڕشانە دواجار لە پێناوی ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا بەرپا کراون، یادکردنەوەیان تەنیا بابەتێکی سانا نییە، بەڵکو بیرھێنانەوەی ئەوەی کورد بە چ ئیرادەیەکەوە جەنگ دەکات، بۆیە ناکرێت تەنیا لەم ڕۆژەدا وەک یادێکی ئاسایی بیری خەڵک بھێنرێتەوە، بەڵکو ھەڵسەنگاندن و ڕەخنەیە کە ئێمە لە کوێی دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشەین؟ چیمان کردووە بۆ داھاتوو؟ بڕیاری چی دەدەین لە کۆی ئەو گۆڕانکاریانەی ھاتوونەتە پێشەوە؟