زکری مووسا
مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی عێراق، داستانێکی دوورودرێژ و خەمناکی زنجیرەیەکە لە جەنگ، کودەتا، زەبروزەنگ، دیکتاتۆری، شۆڤێنیەت، تایفەگەری، سەرھەڵدانی تیرۆر، دواکەوتوویی، قەیران، لاوازیی دامەزراوەکان و لەدەستدانی بەردەوامی سەروەری. کاتێک بە وردی لە تابلۆی سەدەی ڕابردووی ئەم خاکە دەڕوانین، ڕاستییەکی تاڵمان بۆ دەردەکەوێت کە عێراق بووەتە وڵاتێک بەلایەنی کەمەوە لە ھەر دەھەیەکدا تووشی جەنگ و وێرانکارییەکی گەورە دەبێتەوە. لە جەنگەکانی ڕژێمی پێشوو دژ بە کورد لە شەستەکان و حەفتاکاندا، بۆ جەنگی خوێناوی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق، ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید لەدژی کورد، پاشان پەلاماردانی کووەیت لە ساڵی ١٩٩١ و ڕووخانی ڕژێم لە ٢٠٠٣، تا دەگاتە شەڕی ناوخۆیی تایفیی خوێناوی و سەرھەڵدانی دێوەزمەی داعش لە ٢٠١٤.
شکانی داعش لە سەرەتاکانی ٢٠١٧ کۆتایی کێشەکان نەبوو. دوای ئەمە گرفتی ئەو گرووپانە سەری ھەڵدا کە لە ئەنجامی شەڕی داعشدا چەک و ھێزی ئابووری، سیاسی و میدیاییان وەدەستخستبوو و لە خزمەتی ئەجێندای ناعێراقیدا بوون. لەو ماوەیەدا ھەتا دەستپێکی شەڕی ئێستای ناوچەکە، ئەم گرووپانە ببوونە ئامرازێک بۆ ھێشتنەوەی عێراق لەناو قەیرانی سیاسیی بەردەوام، دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی عێراق بە بەرژەوەندی و ئەجێندای ناوچەکەوە. لە لایەکی ترەوە، ھێنانەکایەی ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو جەنگێکی ھەرێمی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، ڕاستییە تاڵەکە دووپات دەکاتەوە کە دە ساڵ جارێک دەبێت بکەوێتە زۆنگاوی جەنگێکی گرانەوە.
باشە بۆچی وایە؟ ئەمە چ چارەنووسێکە عێراق تووشی ھاتووە؟ ئەم داڕمانە بەردەوامە لەخۆڕا و بێ ھۆکار نییە. ڕەنگە ھۆکاری ھەرە سەرەکی و یەکەمی ئەم نەھامەتییە بگەڕێتەوە بۆ بناغەی دەستکردی دەوڵەت کە بەپێی ئیرادە و شەراکەتی ڕاستەقینەی پێکھاتە و دانیشتوانی ئەم سەرزمینە دروست نەبوو، بەڵکو نەخشەیەک بوو لەسەر مێزی زلھێزە کۆلۆنیالیستەکان کێشرا و سەپاندنی پێناسەیەکی دیاریکراو بەسەر پێکھاتە جیاوازەکاندا، و ئەمە تۆوی یەکەمی ناسرووشتیبوونی دەوڵەتی چاند. ھاوکات ماھیەتی ڕژێمەکان بە پاشایەتییەوە و کولتووری کودەتا لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، زنجیرەیەک حکومڕانیی سەرکوتکارانەی ھێنا کایەوە کە زەبروزەنگ و تۆقاندنیان کردە ئامرازی سەرەکیی دەسەڵات، تا لە جیاتی دروستکردنی دەوڵەتێکی ھاووڵاتیبوون، دەوڵەتێکی ئەمنی و تۆتالیتاری بێتە ئاراوە.
ئەگەرچی ڕووخانی ڕژێم و دەستووری تازە لە دوای ٢٠٠٣ دەرفەتێکی زێڕین بوو کە عێراق بتوانێت بە یارمەتی وەرگرتن لە ھاوپەیمانان بناغەکانی دەوڵەتێکی سرووشتی دابمەزرێنێت کە وانە لە ڕابردوو وەربگرێت و بکەوێتە خزمەتی دانیشتوانی خۆی، بەڵام ئەمە وەک پێویست نەکرا. کولتووری سیاسیی پێشوو تێکەڵ بە تایفەگەڕی، تۆڵەسەندنەوە، تیرۆر و گەندەڵی کرا و دواجار عێراق نەیتوانی پایەکانی سەروەریی خۆی بپارێزێت و بووە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ھاوکێشە ھەرێمییەکان. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستوەردانی قووڵی ھەرێمی و نێودەوڵەتی تا خاک و سامانی عێراق بکەنە گۆڕەپانی جەنگی وەکالەت.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ لە کۆتاییھاتنی شەڕی داعش عێراق لە بەردەم ئاڵنگارییەکی مێژووییدایە، بەتایبەت بەنزیکبوونەوە لە دوا مۆڵەتی دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ٣٠ی سێپتەمبەردا کاتێک چەک ھێشتا لەدەستی گرووپ و فەسائیلەکاندا کۆنترۆڵ نەکراوە و لەدەست دەوڵەتدا نییە. ئەگەری نەمانی ھێزە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بەردەوامیی بوونی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەگەری سەرھەڵدانەوەی بۆشایی ئەمنی و دەستپێکێکی تازە بۆ جەنگ و تێوەگڵانی ڕاستەوخۆ لەو جەنگە ھەرێمییەی لەئارادایە.
ھەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سەرباری ئەوەی بووە ئامانجی درۆن و مووشەکەکان، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە شکست بەو ھەوڵانە بھێنێت کە بەنیاز بوون ھەرێمی کوردستان بکەن بە بەشێک لە جەنگەکە. بەڵام چارەسەرەکە تەنیا بە ھەرێمی کوردستان ناکرێت. لەبارەی عێراقەوە ئێستا پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە: ئایا کاربەدەست و دەسەڵاتدارانی عێراق، بە ڕاستی عێراقییانە بیر دەکەنەوە و وانە لە ڕابردوو وەردەگرن؟ ئایا بەزەییان بە خۆیان، وڵاتەکەیان و نەوەکانی ئێستا و ئاییندەدا دێت و خۆیان لە تەون و سیحری جەنگ و بەرژەوەندیی ناعێراقی دەپارێزن؟ ئایا لە دەوری گرێبەستی دەستووردا کۆ دەبنەوە و شەراکەت و بەرژەوەندیی ھاووڵاتی و پێکھاتەکانی عێراقیان بەلاوە گرنگ دەبێت؟ یان نا، مێژوو دووبارە دەکەنەوە و عێراق بەرەو گەڕێکی تری ناسەقامگیری، جەنگ و داڕمان پاڵ دەدەن؟