دکتۆر سامان سۆرانی
کاتێ نەتەوەکان لە بەردەم مەترسیی سڕینەوەی مێژوویی دەوەستنەوە، ڕاپەڕین دەبێتە زەرورەتێکی ئەنتۆلۆژی بۆ سەلماندنی حەقیقەتی بوون.
لەم ڕوانگەیەوە، فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول وەرچەرخانێکی ئەنتۆلۆجی و ھۆشیارییەکی قووڵی فەلسەفی و نیشتمانی بوو، ھەوڵێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆسەی پەراوێزخستنی مێژوویی و داڕشتنەوەی شکۆی نەتەوەیی.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، ھاوکات لەگەڵ سەپاندنی سیستەمێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتە سەردەستەکانەوە، کە نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد، شۆڕشی ئەیلوول شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستا وەکوو وەڵامدانەوەیەکی ھزری بۆ سەلماندنی سەروەریی ئەخلاقی سەری ھەڵدا.
لەم سۆنگەیەوە، چەمکی ئازادی تەنھا ڕزگاربوون نەبوو لە زوڵم، بەڵکو وەبەرھێنان بوو لە بونیادنانی ئەکتەرێکی مێژوویی کارا، مرۆڤێک کە بەبێ دوودڵی جەخت لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکاتەوە.
ئەم وەچەرخانە ھزری و جەماوەرییە پێویستی بە جەمسەرێکی ڕێکخراو و ستراتیژیەتێکی تۆکمە بوو.
لێرەدا ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو ئەندازیاری ڕێکخستنی تواناکانی کۆمەڵگە دەرکەوت.
دواتر پارتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی سیاسیی ئاسایی تێپەڕی و بوو بە پانتاییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەرجەستەکردنی بەیەکگەیشتنی نەتەوەیی.
لە ڕێگەی دیدگای سیاسیی پارتییەوە، پرسی کورد لە بەرھەڵستکارییەکی لۆکاڵییەوە گوازرایەوە بۆ قۆناغی بەرگریی نەتەوەیی دەستووردار.
ئەم گۆڕانکارییە پێکھاتەییە وایکرد شۆڕشی ئەیلوول ببێتە بزوێنەرێکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەھەند کە تێیدا سەرجەم توێژەکان لە چوارچێوەی ئامانجێکی فەلسەفیی ھاوبەشدا بۆ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی ڕێکبخرێن.
لە ناوەندی ئەم بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە، کەسایەتیی مستەفا بارزانی وەکوو ڕابەرێکی فەلسەفی، سیمبولی ئیرادەی نەتەوەیی و ڕوحی گەل بەرجەستە بوو.
بارزانی مۆدێلێکی نوێی لە ڕێبەرایەتیکردن جێگیر کرد، کە تێیدا ئیرادە، دلێریی پێشمەرگە و دڵسۆزیی ڕەھا بوونە ھەوێنی سەرەکیی شۆڕش.
بارزانی بیرۆکەی سەربەخۆیی ھزری لە زەینی کۆمەڵگەی کوردستانی چاند و بەرگریی نەتەوەیی وەکوو پێویستییەکی ئەخلاقی، پێش ئەوەی تەنھا بژاردەیەکی سیاسی بێت، پێناسە کردەوە.
سەرکردایەتیی بارزانی ئاوێتەیەک بوو لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و دانانی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی وەکوو پایەی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییە جیوپۆلیتیکییەکان.
پێکەوەگرێدانی فەلسەفەی نیشتمانی، ڕێکخستنی سەردەمیانەی پارتی، و سەرکردایەتیی بارزانی، سەرکەوتنێکی مێژوویی لێکەوتەوە، کە لە ڕێککەوتننامەی ۱۱ی ئاداری ۱۹۷۰دا ڕەنگی دایەوە.
ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە سنووری دۆکۆمێنتێکی یاسایی دەرچوو و بووە دانپێدانانێکی فەرمی بە بوونی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان.
فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول سەلماندی کە گۆڕینی ھۆشیاریی نیشتمانی بۆ پڕۆژەیەکی ھزری و ڕێکخراو، نەک تەنھا ئیرادەی گەل بۆ ئازادی بەھێزتر دەکات، بەڵکو ژێرخانێکیش دادەمەزرێنێت کە تا ئەمڕۆ سەرچاوەی ئیلھام و بنەمای ئەخلاقیی تەواوی دەستکەوتە سیاسییەکانە.
لە کۆتاییدا، پێویستە شۆڕشی ئەیلوول تەنھا وەکوو لاپەڕەیەکی داخراوی مێژوو نەبینرێت، بەڵکو وەکوو قوتابخانەیەکی بەردەوام تەماشا بکرێت، بزووتنەوەیەک، کە سەلماندی ڕەسانەیەتیی نەتەوەیی دەتوانێت لە چەقبەستن ڕزگاری بێت، ئەگەر ئیرادەی سیاسی ببێتە حەقیقەتێکی فەلسەفی.
ئەم شۆڕشە سەلماندی کە ئازادی چەمکێکی شکستخواردوو نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گەشەسەندووی ژیارییە، تێیدا بڕوا بە بوون، پێشنیارە مێژووییەکانی ژێردەستیی ھەڵوەشاندەوە و ناسنامەی کوردیی لە پاشکۆیەتیی جیوپۆلیتیکییەوە بۆ بونیادنەری سەروەریی سیاسی گواستەوە.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەت