سۆران-KDP.info- لە هەنگاوێکی نویێ بێبەرامبەردا بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ڕاکێشانی ئافرەتان بۆ نێو سێکتەری ئابووری، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خولێکی نایابی پسپۆڕی لە بواری خانوبەرە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ ئافرەتانی سەرانسەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
لەوبارەیەوە خۆشین حاجی، بەرپرسی ناوەندی سۆرانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئافرەتان و هاندانیان بۆ چوونەنێو بازاڕی کار، خولێکی بێبەرامبەر و تایبەتمان لە بواری خانوبەرە و ئەقارات بۆ ئافرەتانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووەتەوە، ئەم خولە بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ درێژە دەکێشێت و لەلایەن کەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزاوە بەڕێوە دەبرێت و تێیدا زانیاریی پێویست لەسەر بەبازاڕکردن، ئاڵوگۆڕی خانوبەرە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان پێشکەش بە بەشداربووان دەکرێت."
بەرپرسی ناوەندی سۆرانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان جەختی لەسەر ئامانجی خولەکە کردەوە و گوتیشی، ''ژمارەیەکی زۆری ئافرەتانی سۆران ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن و ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و لێهاتوویی ئافرەتان و بەهێزکردنی تواناکانیانە لە ڕووی ئابوورییەوە، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو و کاراتر بەشداری لە بواری ئابووری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی دەڤەرەکەدا بڕەخسێنن."
ئەژین غەفار