ھەولێر-KDP. info- رێبەری رەوتی نیشتمانیی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا پەیامی چاکبوونەوەی عێراقە و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشێکی جیانەکراوەیە لە سەقامگیریی وڵات.
عەممار حەکیم، رێبەری رەوتی نیشتمانیی (حیکمە) لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان؛ سەردانی شاری دهۆکی کرد و رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژی داعش لە کۆتایی ئەم مانگە، پەیامی چاکبوونەوەی عێراقە.
باسی لەوەش کرد، عێراق بە قوربانیدانی رۆڵەکانی و هاوکاریی هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان توانی بەسەر تیرۆردا سەربکەوێت.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی حیکمە گوتی، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نیشانەی باشبوونی دۆخی عێراق و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە عێراق دانەبڕاوە.