ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، چاوەڕێ دەکرێت دوای ١٠ی مانگ نمرەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕەوانە بکرێت و لەم مانگەش زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت.
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی پەڵپگرتنە لە ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی خولی دووەم و سبەی سەیری پەڵپەکان دەکەین دوو ڕۆژی دەوێت و دوای ئەوە نمرەکان ڕێکدەخەین ئەویش چەند ڕۆژێکی پێویستە، بۆیە دوای ١٠ی ئەم مانگە ھەوڵدەدەین بۆ ناردنی نمرەکان بۆ وەزارەتی خوێندن باڵاو توێژینەوەی زانستی، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا قسەمان کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ٢٠ی٩ زانکۆلاین بکرێتەوە بۆ ئەوەی قوتابیان داواکاری پێشکەش بکەن بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان.
بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتیشی، بۆ لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکاری تەواوکراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھیچ گرفتێک نیە و بڕیارە کۆبوونەوەیەک بکرێت و تێیدا بڕیار بدرێت بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و چاوەڕێ دەکرێت دوای ٢٠ی مانگ خوێندن دەستپێبکات بۆ ئەوەی بتواندرێت پڕۆگرامی خوێندن تەواو بکرێت.
بڵند ئیبراھیم