هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی لەنزیکەوە بەسەرکردنەوە و بەدواداچوون بۆ ئیشوکارەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی ڕووناک حەسەن بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر، سەرۆک بەشەکان و ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوە چوو، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی مەیدانیی بۆ ئیشوکارەکان کرد و جەختی لە باشترکردنی ئاستی کارەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان کردەوە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەپێی یاسا و ڕێکارە کارگێڕییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، ساسان عەونی دەستخۆشی لە ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر کرد لە بەرانبەر ئەرک و خزمەتەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا، بەتایبەت کە فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارییە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سەردانی دەکەن. هاوکات وەزیری شارەوانی ئامادەییی وەزارەتی بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک دەربڕی لەپێناو باشتر خزمەتکردنی شاری هەولێر و هاووڵاتییاندا.
