ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تاپۆکردنی زەویی فەرمانبەران بەستراوەتەوە بە تەواوبوونی ڕێکارەکانی ئیفرازکردن لە وەزارەتی شارەوانی، جەختیش دەکاتەوە بە گەیشتنی مامەڵەکان بۆ فەرمانگەکانی تاپۆ، بەخێرایی دەکرێن بە سەنەد.
د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو زەویی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش کردووە، بەڵام لە ئێستادا پڕۆسەکە لە شارەوانییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو زەوییەکان لە لایەن شارەوانییەوە ئیفراز نەکرێن، پڕۆسەی گۆڕینیان بۆ سەنەد بەڕێوە ناچێت، ھەرکاتێک ڕێکارەکان لە شارەوانی تەواو بوون، تەواوی ھەوڵەکان دەخەینە گەڕ تاوەکو بە زووترین کات بکرێنە سەنەد و بخرێنە سەر ناوی فەرمانبەران."
لەنێو لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە بڕیاری دروستکردنی یەکەیەکی تایبەت و ھاوبەشی لەنێوان فەرمانگەکانی تاپۆ و وەزارەتی شارەوانی ئاشکرا کرد، کە ئامانج لێی خێراکردنی پڕۆسەی گۆڕینی زەوییەکانە لە کارتەوە بۆ سەنەد.
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لەم بوارەدا، د. لوقمان عومەر ڕوونی کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری زەوییە دابەشکراوەکان کارت بوون و گۆڕینیان کاتێکی زۆری دەویست، بەڵام لە سێبەری کابینەی نۆیەمدا توانراوە زیاتر لە ٨٠ ھەزار کارت بگۆڕدرێن بۆ سەنەد، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو زەوییانەی پێشتر دابەش کرابوون، تەنیا ١١ ھەزار کارت ماون کە تاپۆ نەکراون و پڕۆسەی گۆڕینیان بەردەوامە.
قائید میرۆ