هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تەواوی بازگە و مەفرەزەکانیان خراونەتە ئامادەباشییەوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای مۆدێرن و توندکردنی سزا یاساییەکان بوونەتە هۆی دابەزینی بەرچاو لە ئاماری تاوان و سەرپێچییە ژینگەیییەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا.

عەمیدی پۆلیس، فەرمان فازڵ دزەیی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پلانەکانی وەرزی نوێی بۆ پاراستنی ژینگە خستە ڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا بە نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما، هەوڵەکانیان بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی داری بڕدراو لە ناوچە شاخاوییەکان تۆکمەتر دەکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، سوود لە تەکنەلۆجیای نوێی وەک درۆن و کامێرای چاودێری وەردەگرن تاوەکو لە ناوچە دووردەستەکاندا زووتەرین کات ئاگرکەوتنەوە و داربڕینی نایاسایی دەستنیشان بکرێن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامەی داهاتوویان بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی میدیایی و پەروەردەیی لە قوتابخانە و زانکۆکاندا. هەروەها پەرەدان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکان، قائمقامییەتەکان و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان بۆ پاراستنی دارستانە دەستکرد و سروشتییەکان بەشێک دەبێت لە پلانە سەرەکییەکان.
سەبارەت بە ئەنجامی ڕێکارە یاساییەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئامرازەکانی سەرپێچی، عەمید فەرمان دزەیی ئامارەکانی خستە ڕوو و گوتی، "ئاماری ساڵی ٢٠٢٥، تۆمارکردنی ٢,٢٤٤ سکاڵای یاسایی لە سەرانسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. لەم چوارچێوەیەدا ١,٠٧٢ چەک و تەقەمەنی دەستیان بەسەردا گیراوە، ٥٣٢ شوێن داخران و ١٠٤ زێدەڕۆیی لەسەر بیرەکانی ئاو لادران گوتیشی، لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئاماری سەرپێچییە ژینگەیییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، سزا یاساییەکانی وەک زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی توانیویانە ڕێژەی دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان کەم بکەنەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگە ڕوونی کردەوە کە بە پاڵپشتی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، ڕێگریی زۆر باش کراوە لە دیاردەکانی ڕاوکردنی نایاسایی، زێدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵی و پاوانەکان، لێدانی بیری نایاسایی و هێنانی چەکی بێمۆڵەت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان دا و گوتی، "خۆشبەختانە ئێستا هاووڵاتییان خۆیان بوونەتە چاوی پاسەوانی ژینگە. ئەم هۆشیارییە و گەشەپێدانی کەرتی ژینگەش بەرئەنجامی پڕۆژەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی، ٩ بەنداو، ٥٠ پۆندی گلدانەوەی ئاو و پڕۆژەی ڕووناکی."

ئەژین غەفار