ئامێدی-KDP.info- بەبۆنەی ساڵیادی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زنجیرەیەک چالاکی و ئاھەنگی بەخشینی شەڕەفی ئەندامێتی لە سنووری قەزای ئامێدی بەڕێوەچوون، لە دوایین چالاکیشدا لە شارەدێی شیلادزێ، شەڕەفی ئەندامێتی بەخشرایە ٦٦٣ ھاووڵاتیی ناوچەکە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی ڕایگەیاند، "پارتی ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە خاک و نیشتمان و مافەکانی خەڵکی کوردستان، ھەر ئەمەش وایکردووە کە ھاووڵاتییان بەردەوام بە جۆش و خڕۆشەوە داوای ئەندامبوون لە ڕیزەکانی پارتیدا بکەن."

بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی پارتی کرد و گوتی، "لە سەرەتای دروستبوونی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و دامەزراندنی پارتیمانەوە، جەماوەرەکەمان تووشی چەندین ئاوارەیی، دەربەدەری و نەھامەتی بوونەتەوە، بەڵام ھیچ جۆرە دژایەتییەک نەبووەتە ھۆی ئەوەی دەست لە ئیرادە و ئامانجە ڕەواکانمان ھەڵبگرین، جەختیشی کردەوە کە ئەگەرچی پارتی بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە بەردەوام لەژێر ئامانجی داگیرکەراندایە، بەڵام ھیچ ھێز و وڵاتێک ناتوانێت ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستان بشکێنێت.
سەبارەت بە بەخشینی شەڕەفی ئەندامێتی بە کادیر و لایەنگرانی نوێ، بەھرام عەریف ڕوونی کردەوە کە جگە لە مەراسیمەکەی شارەدێی شیلادزێ، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە سنووری ناحیەکانی دێرەلۆک، سەرسنگ و سەرجەم لیژنە ناوچەکانی دیکەی سنوورەکە، شەرەفی ئەندامێتی بەخشرایە سەدان ھەڤاڵی نوێ، کە ئەمەش بۆ ھەموو لایەک جێگەی شانازییەکی گەورەیە.
لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی دووپاتی کردەوە کە دەرگای بارەگا و ئۆرگانەکانی پارتی بەردەوام واڵایە بۆ ھاووڵاتییان و گوتی، "خەڵکی کوردستان بارەگاکانی پارتی بە ماڵی خۆیان دەزانن. بەپێی ڕێنمایی و فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئەرکی سەرەکیی ئێمە وەک ئۆرگان و کادیرانی پارتی، تەنیا و تەنیا خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و گەلەکەی خۆمانە."
قائید میرۆ

