ھەولێر-KDP. info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی بەستنی دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
بەڕێزان/ نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان
بە بۆنەی بەستن و سەرکەوتنی دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بەرپرسی بەش و لیژنە و لقەکانی سەندیکا و سەرجەم ئەندازیارانی کوردستان دەکەین.
هاوکات سوپاس و دەستخۆشیمان ئاراستەی نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا و بەش و لقەکانی پێشووی سەندیکا دەکەین، کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەکان دڵسۆزانە ئەرکەکانی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە و لە خزمەتی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگاکەمان درێغیان نەکرد.
ئومێدەوارین بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە لەئاست گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکە و پیشەی گرنگی ئەندازیاری و، بەرنامە و پلانی داهاتووتان وەڵامدەرەوەی خواستی ئەندازیارانی ئازیزی کوردستان بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و جەخت لەسەر پاڵپشتی بەردەواممان بۆ سەندیکای ئەندازیاران دەکەینەوە، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦