هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری ڕێگەوبان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی هەولێر ئاشکرای کرد، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا تۆنێلی میراوە بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئۆڤەرپاس لەسەر ڕێگەی خێرایی باسرمە دروست دەکرێن تاوەکو ئاستەنگ و ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە.
هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''یەکێک لەو پرسانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا بە شێوەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر کردووە، کەرتی ڕێگەوبان بووە. بە شاهیدیی هەموو هاووڵاتییان، ڕێگەوبانەکانی کوردستان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی گرنگ، بەتایبەتی ڕێگە سەرەکییەکان کە ئێستا خزمەتێکی بەرچاو بە هاووڵاتییان دەگەیەنن و ئاسانکاریی زۆریان لە کەرتی هاتوچۆدا دروست کردووە. ڕاستە هێشتا ماومانە بگەینە ئەو ئاستەی کە دەمانوێت، بەڵام هەوڵی جدی هەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی باشتر جێبەجێ بکرێن.
سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر دەشڵێت، ''لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا تۆنێلی میراوە بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە. حکوومەت و کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامن لەسەر ئەوەی هەتا دەکرێت بە زووترین کات تۆنێلەکە تەواو ببێت و بکرێتەوە، چونکە بە تەواوبوونی ئاسانکاریی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی زۆر قەرەباڵغە و شەقڵاوەش وەک ناوچەیەکی گەشتیاری بەردەوام خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات.
هەڵگورد وەلی زیاتر گوتی، ''بەکردنەوەی تۆنێلی میراوە، هەم ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکرێت کە بەرەو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سنووری ئاکرێ و حاجی ئۆمەران دەچن (یان بە پێچەوانەوە)، هەمیش ئەو جەنجاڵییەی پێشتر لە دووسایدی شەقڵاوە هەبوو کەم دەبێتەوە و ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر دەبنەوە.
دەربارەی پڕۆژەکانی دوای تۆنێلەکە، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''دوای تەواوبوونی پڕۆژەی تۆنێلی میراوە، بڕیارە هەموو سووڕانەوەکانی دەشتی هەریر (کە زیاتر سنووری ناحیەی باسرمە دەگرێتەوە) ببنە ئۆڤەرپاس. لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی خێرایە و ژمارەیەک گوندی کەوتوونەتە سەر، زۆرجار بەهۆی ئەو سووڕانەوانەی لەسەر ڕێگەکە هەن ئاستەنگی هاتوچۆ و ڕووداو دروست دەبوون، ئەمەش پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ باشترکردنی ڕێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆن.
قائید میرۆ