ھەولێر-KDP.info- لە مەراسیمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، خەڵاتی ساڵانەی مھاباد قەرەداغی بۆ ئافرەتی خوێنەر و ڕۆشنبیری بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەخشییە سەرکەوتووانی پێشبڕکێی خوێندنەوە و شیکردنەوەی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە ئامادەبوونی ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی، نوێنەری نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان، لەگەڵ بەڕێوەبەران و میوانانی دیکە، مەراسیمی کۆتایی و دابەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی "مھاباد قەرەداغی بۆ ئافرەتی خوێنەر و ڕۆشنبیر"ی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەڕێوەبرد. ئەم مەراسیمە پاش ئەوە ھات کە پێشتر لە چەند قۆناغێکدا پێشبڕکێی وەڵامدانەوەی پرسیارنامە و تاقیکردنەوەی لێھاتوویی لە لێکدانەوە و پێشکەشکردن بۆ ١٥٠ کادری یەکێتیی ئافرەتان لەسەر ناوەڕۆکی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد- بەرگی یەکەم- ١٩٣١- ١٩٥٨" ئەنجام درابوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە گوتارێکدا جەختی لە ئامانجەکانی پرۆژەکە کردەوە، کە بریتین لە ھاندانی ئافرەتان و کادرانی ڕێکخراوەکە بۆ خوێندنەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی ڕۆشنبیری، پەرەپێدانی توانا فکرییەکان و ئاشنابوون بە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان. دواتر دۆکیۆمێنتارییەکی تایبەت سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نمایشکرا و ١٤ ھەڤاڵ کە سەرکەوتووی قۆناغی پرسیارنامەکە بوون بە ئامادەبووان ناسێنران.
لە بڕگەی سەرەکیی بەرنامەکەدا، ٦ ھەڤاڵی سەرکەوتووی قۆناغی شیکردنەوە لە پانێڵێکی گفتوگۆی کراوەدا بەشدارییان کرد و تواناکانیان لە بواری خوێندنەوە و پێشکەشکردنی ئەکادیمییانەدا خستەڕوو. لە کۆتاییشدا، جیا لە بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە، خەڵاتی ساڵانەی "مھاباد قەرەداغی" پێشکەش بە سەرکەوتووانی پێشبڕکێکە کرا، جێی ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە ساڵانە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی ڕۆشنبیریی ئافرەتان بەردەوامیی دەبێت.

