هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئاڵنگارییەکی بەردەم کابینەی سەرۆکوەزیرانە و هەرێمی کوردستان پشتیوانی دەکات. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت هاوئاهەنگی لەنێوان حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پەیوەندیی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوە و سەردان هەبوون، بەتایبەت جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت لە تەنیشت سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەشداری کرد، هەروەها پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی هەیە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "عێراق بە قۆناخێکی زۆر هەستیار و پڕ کێشە و ئاڵۆزیدا دەڕوات و توانای ئەوەی نییە کە کێشەی دیکەی لەنێوخۆدا هەبێت، چونکە کۆمەڵێک پرسی گەورە ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتووە".
لەبارەی کێشەکانی نێوخۆی عێراقەوە دڵشاد شەهاب دەڵێت، "پرسی ئابووری، کە لە ئەنجامی ئەم شەڕە دروست بووە و بەهۆیەوە هەناردەی نەوت ڕاوەستاوە، ئەوەش پێویستی بە هاوئاهەنگی هەیە، هەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشان داوە و ئێستا هاوئاهەنگییەکی زۆر باش هەیە".
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستا وەکو ئاڵنگاری بۆ حکوومەتی عێراق باسی دەکات چەکدادانی گرووپە چەکدارەکانە. دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان هاوڕاین بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، ئەوەش ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە بەرۆکی دەسەڵاتدارانی عێراقی گرتووە و ئەرکێکی قورسە لەبەردەم سەرۆکوەزیران بەڕێز زەیدی، لەوەشدا هەرێمی کوردستان هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پیشان داوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بە باش دەزانێت و دەڵێت: "ئەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیە هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە و ئەوەش لەلایەن حکوومەتی زەیدییەوە بە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی وەرگیراوە".
دڵشاد شەهاب گوتی، "پێموانییە ئەو کێشانەی هەمیشە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دووبارە دەبنەوە، جارێکی دیکە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. بڕوام وایە ئێستا کێشەی گەورە ئەوەیە چۆن کێشەکانی عێراق چارەسەر بکەین، بەگوێرەی ئەو پەیوەندییانەی هەن چاوەڕوانی هەنگاوی ئەرێنی دەکرێت لە ئایندەدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی فیدراڵیدا".