دهۆک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ڕایگەیاند، بڕیاری کردنەوەی لقی ٢٧ی پارتی لە بەردەڕەش دەرچووە و بەرپرس و ستافی لقیش دیاری کراون، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەفتەیە دەست بە ڕێکارە کردارییەکانی کردنەوەی لق دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی تەباخی ٢٠٢٦، سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو ئاماژەی بەوە کرد، ''سەرۆک بارزانی بە گرنگییەوە لە قەزای بەردەڕەش دەڕوانێت و لە تایبەتمەندیی ئەو ناوچەیە ئاگادارە، بۆیە بڕیاری دا لقی ٢٧ی پارتی لەو سنوورە دامەزرێت.
سەبارەت بە شوێنی بارەگاکەش، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن ئاماژەی بەوە دا، بڕیار دراوە بە کاتی بارەگای لق ببرێتە لیژنەی ناوچەی بەردەڕەش و خانوویەک بۆ ناوچەکە بەکرێ بگیرێت، تا ئەو کاتەی بارەگایەکی تایبەت بە لق لە بەردەڕەش دروست دەکرێت. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم هەفتەیە دەست بە هەنگاوە کردارییەکان دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم