ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی نیشانی باڵای ڕێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، و ئەم ھەنگاوەی وەک ڕێزگرتن لە مێژووی ناوبراو لە پاراستنی بەھاکانی پێکەوەژیان و مافی پێکھاتەکان وەسف کرد.
دەقی پەیامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی
بەبۆنەی وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی رێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەین. وەرگرتنی ئەم نیشانە تایبەت و باڵایە، ڕێزگرتنە لە ھەوڵ و تێکۆشان و مێژووی جەنابتان، لە پاراستنی بەھاکانی پێکەوەژیان و پاراستنی مافی پێکھاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ھەمیشە چەتری کۆکەرەوەی پێکھاتەکان بوونە. ھاوکات دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیشە بۆ ئەو ھەوڵانە.
سەرۆک بارزانی، وەکوو ڕابەر و مەرجەع، وێڕای پشتیوانی بەھێز و بەردەوامی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھەمیشە ئێمەی ڕاسپاردووە، بە گیانێکی ھاوکاریی بەرزەوە، پارێزگاری لە مافی پێکھاتەکان بکەین. ئەم ھەوڵانەی بەڕێزیان مانایەکی قووڵتری بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتەکان بەخشیوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
٢١-٨-٢٠٢٦