ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ھێرشەکانی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی سەرکۆنە کرد و، پشتیوانیی خۆی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان دووپات کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن ھەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە پێگەیشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی ھێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد.
ھاوکات ھەیبەت حەلبووسی ھاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی ڕێگریکردن لەم جۆرە پێشێلکارییە ئەمنییانە کردەوە.
لای خۆشییەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێزانین و سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد لە پای دەربڕینی ئەو پشتیوانی و ھاوسۆزییە.