ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر"، تیشکی خستە سەر داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، ھێرشە درۆنییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
مەسروور بارزانی جەختی کردەوە، ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە و ڕایگەیاند، "ئەم ھەوڵانە تەنیا بۆ ترساندنی ھەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت کوردستان ڕابکێشنە ناو ململانێکەوە کە لایەنی کوردی بە توندی دژایەتی دەکات. ئەوەی بۆچی ھێرشمان دەکەنە سەر، پرسیارێکە دەبێت لە دەسەڵاتدارانی ئێران بپرسرێت."
ھێرشەکانی ١٧ـی ئاب و جۆری درۆنە ئێرانییەکان
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی جەختی کردەوە، سەرکۆنەی تەواوی ئەو ھێرشە بێ بیانووانە دەکەن کە لە سەرەتای جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە ٢٨ـی شوباتەوە کراونەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ژمارەیان ١٠٠٠ ھێرشی درۆنی بووە، ئاشکراشی کرد، ھێرشەکانی ١٧ـی ئاب کە نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردبووە ئامانج، "ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمەکە."
سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بەرپرسایەتی لەلایەن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆککۆماری ئێرانەوە، مەسروور بارزانی گوتی، "ئەو درۆنانەی بەکار ھێنراون لە جۆری 'حەدید-١١٠ توربۆ'ی دروستکراوی ئێرانن و لە ناو خاکی ئێرانەوە ھاتبوون، پێم وایە دەبێت بەرپرسانی ئێران خۆیان وەڵام بدەنەوە و لێکۆڵینەوە بکەن چۆن ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەنیا لەلای ئەوان ھەیە، لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ ھێرشکردنە سەر دەرەوەی وڵاتەکەیان بەکار دەھێنرێن."
ھاوکات ئاماژەی بە سەردانی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بورووژێنێت، چونکە بەغدا بە فەرمی سەرکۆنەی ھێرشەکانی کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە.
کشاندنەوەی پاتریۆت و داواکاری بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی
مەسروور بارزانی، نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی ھێزەکانی مەشق و راھێنانی ئەمەریکا و گواستنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" پێش وادەی ٣٠ـی ئەیلوول دەربڕی و ڕایگەیاند "نەمانتوانیوە ئەو سیستەمە کاریگەرانە بەدەستبھێنین کە دەتوانن لەو ھەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام ھەوڵەکان بەردەوامن. کشانەوەی ئەم سیستەمانە دەمانخاتە مەترسییەوە و نامانەوێت بۆشایی ئەمنی بەجێبھێڵێت."
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش دا، ھەرچەندە ھاوکارانی ئەمەریکی سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان، بەڵام کوردستان مەترسی لەسەرە و مانەوەی ھێرشەکانیش قبووڵکراو نییە، بۆیە داوای لە ھەموو دۆستانی ھەرێمی کوردستان کرد ھاوکارییان بکەن تا ببنە خاوەنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی دژەدرۆن و بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان، ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە.
لەبارەی لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا، کە لە میانی ئیدانەکردنی ھێرشەکانی ١٧ـی ئابدا، مەسروور بارزانی بە "ھاوڕێ و ھاوبەشێکی بەنرخ" ناوزەند کرد و ھەرێمی کوردستانیشی بە "ھاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمەریکا" ناو برد.
سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا زۆر بەنرخە و شانازیی پێوە دەکەن، ھیواشی خواست ھاوبەشیی نێوانیان لە دوای کەمکردنەوەی ھێزەکانی ئەمەریکاش لە شێوازی جیاوازدا بەردەوام بێت.
پشتیوانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان
پەیوەست بە دۆخی سیاسیی عێراق، مەسروور بارزانی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە دۆستێکی راستەقینە و جێی متمانە وەسف کرد کە کار بۆ بەرژەوەندیی وڵات دەکات، پشتیوانیی بەھێزی خۆی بۆ ھەنگاوەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەپاندنی سەروەریی یاسا و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان دووپات کردەوە.
سەبارەت بە دواکات کە زەیدی بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان لە ٣٠ی ئەیلوول دیاریی کردووە، سەرۆکوەزیران ھیوای خواست ئەو گرووپە چەکدارانە پێش ئەو وادەیە چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن و بخرێنە ناو ھێزە ئەمنییەکانەوە، گوتیشی "پێموانییە کەس بیەوێت ململانێی سەربازی یان ئاژاوە لە وڵاتدا ببینێت، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان و سەروەریی وڵات جێبەجێی بکات، ئەگەر ھاوکاریی سەرۆکوەزیرانیش نەکرێت، رووبەڕووی لێکەوتەکان دەبنەوە."
سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، ھەمیشە کێشەکانی عێراق بە دۆخی ئێرانەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام پێویستە عێراقییەکان بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی وڵاتەکەیان بخەنە پێش ھەموو شتێکەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ململانێکانی ئێران بەرەو کوێ دەچن.
دۆخی ئابووری، رۆڵی ھەرێم لە ناوچەکە و کەرتی نەوت
لە لایەنی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ژێر دروشمی "بازرگانی نەک ململانێ" دەربڕی، ئاماژەی بە کۆنفرانسی وزەی ئەلمۆنیتۆر کرد کە بە بەشداریی کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا بەڕێوە چوو و رایگەیاند "حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێک بە پاڵپشتیی واشنتن بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان."
مەسروور بارزانی جەختی کردەوە، دەرگای کوردستان کراوەیە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەک تەنیا لە کەرتی وزە، بەڵکو لە کەرتی کشتوکاڵ، ژێرخان و تەکنەلۆجیاشدا، بە پێویستیشی زانی ژینگەیەک دابین بکرێت کە وەبەرھێنان و کارمەندەکانیان بە پارێزراوی بمێننەوە.
ھاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی نوێی سوریا کرد و رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە فاکتەرێکی ئەرێنی بووە بۆ ھاوکاریکردنی دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا و تێکەڵبوونەوەی سیاسی لە سووریا.
دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت و چالاککردنەوەی پەرلەمان
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دوای زیاتر لە ٢٠ مانگ لە ھەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێشتا حکوومەت پێکنەھێنراوە.
مەسروور بارزانی ئاشکراشیکرد، "ویستی ئێمە ئەوە بوو دەستبەجێ حکوومەتێکی گشتگیر پێکبھێنین و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوبەشی سەرەکیمان بێت، بەڵام ئەوان ویستیان چاوەڕێی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن، سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی لەسەرانسەری عێراق و کوردستان بەدەست ھێنا، بەڵام دیسان حکوومەت پێکنەھێنرا."
سەرۆکوەزیران داوای چالاککردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند "دەستی دۆستایەتی بۆ تەواوی لایەنەکان درێژ دەکەین تا بێن و بەشدار بن لە پێکھێنانی حکوومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستاندایە".
کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ئاسۆی پەیوەندییەکان
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی جەختی کردەوە، ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات، بەڵام ھیوادارە ئەم ھەنگاوە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات.
گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە بەھێزەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە دەرەوەی ھاریکارییە سەربازییەکان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی زیاتر فراوان بکەین، و ھەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و دڵسۆزترین ھاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە."